ماک 13, تشرینی دووه‌م 2019

گرنگترین و نوێترین تایبەتمەندییەکانی MacBook Pro ـی 16 ئینجی نوێ

لە کۆتایدا، MacBook Pro ـی 16 ئینج لێرەیە! ئەمڕۆ کۆمپانیای ئەپڵ MacBook Pro ـی 16 ئینجی بە تەختەکلیلی جۆری مەقەستی و نرخی 2,399$ ـەوە ڕاگەیاند. لە پاڵ ئەوەی کە ڕاگەیاندنی ئەم لاپتۆپە بە توانایە بووە هۆکاری دڵخۆشکردنی هەندێک هەواداری MacBook Pro، لە هەمان کاتدا زۆرێکمانی نیگەران کرد بە هۆی نرخە بەرزەکەیەوە. بەڵام لە ڕاستیدا، هەرگیز چاوەڕوان نەدەکرا تایبەتمەندییەکانی ئەم لاپتۆپە نوێیەی ئەپڵ هێندە بەرز ببن!

نامەوێت زۆر لەسەر MacBook Pro ـە نوێیەکە بدوێم، هەر بۆیە زوو دەست دەکەم بە باسکردنی نوێترین تایبەتمەندییەکانی، پاشان لە خوارەوە باسی گرنگترین تایبەتمەندی ڕەقەکاڵاکانی کراوە.

  • تەختەکلیل

لە ساڵی 2015 ـەوە، ئەپڵ تەختەکلیلی جۆری پەپولەیی (Butterfly) بۆ نوێترین جۆرەکانی لاپتۆپی MacBook Pro بەکاردەهێنێت، بەڵام بەکارهێنانی ئەو جۆرە تەختەکلیلە گەورەترین هەڵە بوو لە لایەن ئەپڵەوە و زۆربەی زۆری بەکارهێنەرانی نوێترین مۆدێلەکانی MacBook Pro کێشەی لێبوونەوەی دوگمەکانی تەختەکلیلیان هەبوو. لە MacBook Pro ـی 16 ئینجی نوێدا، شتەکان تەواو گۆڕان و ئەپڵ چیدیکە تەختەکلیلی جۆری پەپولەیی (Butterfly) بۆ MacBook Pro بەکارناهێنێت، بەڵکو لە جیاتی ئەو جۆرە، تەختەکلیلی جۆری جۆری مەقەستی (Scissors) بەکاردەهێنێت.

هەروەها چیدیکە دوگمەی Esc بەشێک نییە لە ڕوونمای Touch Bar، بەڵکو ئیتر لە دەرەوەی Touch Bar دەبێت و بووەتە فیزیایی.

  • بڵندگۆ (سپیکەر) و وەرگر (مایک)

بەکارهێنانی 6 سیستەمی بڵندگۆی دەنگی یەکێک لە کارە چاوەڕوان نەکراوەکانی ئەپڵ بوو لە ئەمڕۆدا. لە هەر لایەکەوە خاوەن 2 دانە نەهێڵەری دەنگی گڕە و بە شێوەیەک بڵندگۆیەکان دیزاین کراون تاوەکو لەرینەکانی دیکە نەهێڵن، کە ڕێگە لە شێواندن و دەنگی نائاسایی و کارتێکردنە سەر تەختەکلیل دەگرن.

بە هەرحاڵ، تاوەکو ئێستا هەڵسەنگێنەران دەنگی MacBook Pro نوێیەکەیان بەدڵ بووە و پەسەندیان کردووە.

سەبارەت بە وەرگر، ئێستا توانایەکی باشتری تۆمارکردن و گواستنەوەی دەنگی هەیە.

  • ڕوونما

ئێستا ئێمە باسی گەورەترین قەبارەی ڕوونمای MacBook Pro دەکەین کە تاوەکو ئێستا لاپتۆپەکە بە خۆیەوە بینیبێتی. MacBook Pro ـی نوێ خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 16 ئینج بە وردی نیشاندانی 3072 بە 1920 پێکسڵ و پشتگیری لە چینی ڕەنگ فراوانی P3 و تایبەتمەندی True Tone ـی ئەپڵ دەکات. بەرزترین ئاستی ڕووناکی ڕوونمای ئەم لاپتۆپە نوێیە 500 نیتە.

ئەپڵ ڕوونمایەکی قەبارە 16 ئینجی خستۆتە لاشەیەکی 15 ئینجییەوە و بەم هۆیەوە چوارچێوە ڕەشەکەی چواردەوری ڕوونما کەمتر کراوەتەوە. مەبەست لە لاشەی 15 ئینجی MacBook Pro ـەکانی بەر لە 2015 دەگرنەوە، هەر بۆیە قەبارەی ئەم MacBook Pro نوێیە زۆر لە قەبارەی MacBook Pro کۆنەکان دەچێت.

  • پوختە

بە مانای وشە، MacBook Pro ـی 16 ئینجی نوێ بە توانایە، خاوەن ڕوونما و تەختەکلیل و بڵندگۆی ئاست بەرزە. هاوکات ئەمە قەبارە گەورەترینی نێو زنجیرە لاپتۆپی MacBook Pro ـە.

بەڵام، بە داخەوە، ئەگەر تاوەکو ئێستا لە دەرچەکانی MacBook Pro ناڕازیت، لەسەر مافی خۆتیت، چونکە هێشتا لە لایەکانەوە خاوەن 4 دانە دەرچەی Thunderbolt 3 و دەرچەیەکی بیستۆکە (سوپاس بۆ خوا، هیچ نەبێت ئەمەی هەیە). وا پێناچێت ئەپڵ نیازی زیادکردنەوەی دەرچەکانی HDMI یاخود هیچ نەبێت USB-A ـی هەبێت بۆ MacBook Pro.

بەڵام کێشەی نەبوونی دەرچە گرنگەکان بۆ هەندێک کەس کێشە نابێت، چونکە بە ڕاستی ئەمە لە بەهای MacBook Pro ـە نوێیەکە کەم ناکاتەوە.

  • نرخ

نرخی MacBook Pro ـی 16 ئینجی نوێ لە 2,399$ ـەوە دەست پێدەکات و لە ئەمڕۆوە بەردەستە بۆ کڕین بە شێوەی داواکاری پێشوەختە، نرخی زۆر زیاتر دەکات بە پێی فراوانی ڕام و بیرگەی زیاتر و بە شێوەیەک بەرزترین نرخی دەچێتە 6,099$.

تایبەتمەندییەکان بە پێی نرخەکان

بە نرخی 2,399$ ئەمانە بەدەست دەهێنیت:

  • پڕۆسێسەر: نەوەی نۆیەمی پڕۆسێسەری Intel Core i7 بە خێرایی 2.6 گێگاهێرتز و هەبوونی 6 ناوک (بەرزترین خێرایی دەگاتە 4.5 گێگاهێرتز).
  • ڕام: بە فراوانی 16 گێگابایت لە جۆری DDR4 بە خێرایی 2666 مێگاهێرتز.
  • گرافیک: AMD Radeon Pro 5300M بە هەبوونی بیرگەیەکی 4 گێگابایتی GDDR6.
  • بیرگە: قەبارەی 512 گێگابایت لە جۆری SSD.

بە نرخی 2,799$ ئەمانە بەدەست دەهێنیت:

  • پڕۆسێسەر: جۆری نەوەی نۆیەمی پڕۆسێسەری Intel Core i9 بە خێرایی 2.3 گێگاهێرتز و هەبوونی 8 ناوک (بەرزترین خێرایی دەگاتە 4.8 گێگاهێرتز).
  • ڕام: بە فراوانی 16 گێگابایت لە جۆری DDR4 بە خێرایی 2666 مێگاهێرتز.
  • گرافیک: AMD Radeon Pro 5500M بە هەبوونی بیرگەیەکی 4 گێگابایتی GDDR6.
  • بیرگە: قەبارەی 1 تێرابایت لە جۆری SSD.

بە بەرزترین نرخی 6,099$ ئەمانە بەدەست دەهێنیت:

  • ڕامی 64 گێگابایتی.
  • بیرگەی 8 تێرابایتی (!!!).
  • گرافیکی AMD Radeon Pro 5500M بە هەبوونی بیرگەیەکی 8 گێگابایتی GDDR6.

تایبەتمەندییە هاوبەشەکان:

  • ڕوونما: قەبارەی 16.0 ئینج بە وردی نیشاندانی 3072 بە 1920 پێکسڵ و چڕی 226ppi و ڕووناکی 500 نیت و تەکنەلۆژیاکانی P3 wide color و True Tone.
  • کێش: 1.9 کیلۆگرام.
  • پاتری: 100 واتی، بەرگەی تاوەکو 11 کاتژمێر لە بەکارهێنانی بەردەوام دەگرێت.
  • دەرچەی بارگاویکردنەوە: 96 واتی لە جۆری USB-C.
  • بڵندگۆ: 6 دانە بڵندگۆی Dolby Atmos.
  • وەرگر: 3 دانە وەرگر.
  • دەرچەکان: 4 دانە دەرچەی Thunderbolt 3 و دەرچەیەکی بیسۆک.
  • تەختەکلیل: هەبوونی ڕووناکی پشتەوە بۆ تەختەکلیل و هەبوونی Touch Bar.
  • ئاسایش: هەستەوەری ئاسایشی پەنجەمۆر Touch ID.
  • تراکپاد: جۆری Force Touch.
  • ڕایەڵە: 802.11ac Wi-Fi – Bluetooth 5.0.
سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ