ئەپڵ 13, تشرینی یه‌كه‌م 2020

ئەپڵ iPhone 12 و iPhone 12 Mini ـی بە پشتگیری لە 5G، دیزاین و ڕەنگی نوێوە ڕاگەیاندن

لە بۆنەیەکی تایبەتدا، ئەمشەو کۆمپانیای ئەپڵ iPhone 12 و iPhone 12 Mini ـی بە پشتگیری لە 5G، دیزاین و ڕەنگی نوێوە ڕاگەیاندن. هەروەها کۆمپانیاکە iPhone 12 Pro و iPhone 12 Pro Max و بڵندگۆی زیرەکی بچکۆلانەی HomePod Mini ـیشی ڕاگەیاندن.

مۆبایلی نوێی iPhone 12 خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.1 ئینج لە جۆری OLED. مۆبایلی iPhone 12 یەکێکە لە چوار ئایفۆنە نوێیەکەی ئەمڕۆ.

مۆبایلی iPhone 12 Mini بچووکترە و خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 5.4 ئینج. لە چێوەوە بچووکترە لە iPhone SE 2، بەڵام ڕوونما پڕاو پڕەکەی وا دەکات ڕوونماکەی گەورەتر بکات لێی. ئەپڵ دەڵێت ئەمە بچووکترین مۆبایلی جیهانە لە ئێستادا کە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بکات.

لە ڕووی دیزاینەوە، لایەکانیان خاوەن دیزاینێکی جیاوازن، کە تەختن و هاوشێوەی iPhone 4 ـی کۆنن. ئەمە یەکەمین گۆڕانکاری دیارە لە دیزاینی ئایفۆنەکاندا لەو کاتەوەی iPhone X لە ساڵی 2017 ڕاگەیاندرا.

مۆبایلەکانی iPhone 12 و iPhone 12 Mini بە چیپی نوێی 5 نانۆمەتری A14 Bionic بەهێز کراون، کە خاوەن شەش یەکەی ناوەکییە بە ڕێژەی 50% خێراتر لە مۆبایلەکانی تر، وە چوار ناوکی گرافیک بە ڕێژەی 50% خێراتر لە مۆبایلەکانی تر.

لە پشتەوە خاوەن دوو دانە کامێرای 12 مێگاپێکسڵین، بە پشتگیری لە دۆخی شەو دەکەن.

بە بەراورد بە مۆبایلی iPhone 11، مۆبایلی iPhone 12 بە ڕێژەی 11% تەنکترە. وە بە هۆی ئەوەی ئەپڵ ڕوونمای جۆری OLED ـی بۆ بەکار هێناوە، ڕوونمای ئایفۆنە نوێیەکە خاوەن ڕەنگ و ڕووناکی باشترە بە بەراورد بە LCD ـی iPhone 11.

هەر چوار ئایفۆنە نوێیە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن. تەکنەلۆژیاکە پشتگیری لە تێکڕای خێرایی زانیارییەکان دەکات، کە توانای دەبێت خێرایی گێگابتێک بۆ داگرتن و 200 مێگابت لە چرکەیەکدا بۆ بارکردن بەردەست بخات. ئەپڵ دەڵێت تەکنەلۆژیاکە بڕێکی زۆر لە وزەی پاتری بەکارناهێنێت. تەکنەلۆژیاکە پشتگیری لە sub-6GHz و mmWave 5G دەکات، کە سەرەتا پشتگیری لە کۆمپانیا پەیوەندییەکانی ئەمریکا دەکات.

بە هۆی تایبەتمەندی Smart Data، مۆبایلەکان خودکارانە گۆڕانکاری لە بەکاربردنی تەکنەلۆژیای 4G و 5G دەکات.

ئایفۆنە نوێیەکان پشتگیری لە تایبەتمەندی MagSafe دەکات بۆ باشترکردنی ئەزموونی بارگاویکردنەوەی بێوایەر. ئەپڵ دەڵێت بارگاویکەرەوەکانی تایبەتمەندی ناوبراو پشتگیری بارگاویکردنەوە بە خێرایی تاوەکو 15 وات دەکەن. وە خاوەن بڕوانامەی IP68 ـن بۆ بەرگری لە بەرانبەر تۆز و ئاو و شلەمەنییەکان.

مۆبایلەکانی iPhone 12 و iPhone 12 Mini خاوەن ڕەنگەکانی ڕەش و سپی و سور و سەوز و ڕەنگی نوێی شین و بژاردەی بیرگەی ناوەکی 64 و 128 و 256 گێگابایتی دەبن. iPhone 12 Mini بە نرخی دەستپێکی 699$ و iPhone 12 بە نرخی دەستپێکی 799$ لە ڕێکەوتی 16 ـی ئەم مانگە بەردەست دەبن بۆ کڕین بە شێوەی داواکاری پێشوەختە.

هەروەها چیدیکە ئەداپتەری بارگاویکەرەوە و بیستۆکی بە وایەری EarPod بە هۆکاری ژینگەیی لە ناو پاکەتی ئایفۆنەکاندا بوونیان نین.

بۆچونی تۆ