ڕاپۆرت و توێژینەوەکان 6, ئەیلوول 2024

ئایا مۆبایلەکانمان بەردەوام گوێ بۆ ئێمە دەگرن؟

تا ئێستا ئەوە بۆ ئێوەش هاتۆتە پێش کە لەگەڵ هاوڕێکەتان سەبارەت بە شتێک بدوێن و دواتر زۆر بە ڕێککەوت ڕێکلامێک لەسەر ئەو شتە بێتە بەرچاوتان؟ تاوەکوو ئێستا زۆر لەوبارەوە دڵنیا نەبووین کە مۆبایلەکان بەردەوام گوێبیستی وتووێژەکانمان بن، بەڵام یەکێک لەهاوبەشە بازرگانیەکانی فەیسبوک پشتڕاستی کردۆتەوە کە شتێک بەناوی Active Listening یان بیستنی چالاک، بوونی هەیە.

بەپێی ڕاپۆڕتێک لە 404 مێدیا، Active Listening نەرمەواڵەیەکی تێکەڵ کراو بە ژیری دەستکردە کە بۆ تۆماری دەیتای تایبەت بە گفتوگۆ پەرەی پێدراوە. بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان ئاماژە بە فایلێک دەکەن لە Cox Media Group (CMG) کە کۆمپانیایەکی گەورەی تەلەفزیۆن و ڕادیۆیە و یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییەکانی فەیسبوک. لە فایلەکەدا هاتوە کە: ڕێکلامکەران دەتوانن ئەو داتا دەنگییانە لەگەڵ داتاکانی ڕەفتار و کاردانەوەی بەکارهێنەران تێکەڵ بکەن بۆ ئەوەی کە بازاڕی ئامانجیان بۆ ڕوون ببێتەوە.

جگە لە فەیسبوک، گوگڵ و ئەمازۆنیش، لەو ڕێگایە کەڵک وەردەگرن و کڕیاری خزمەتگوزاری Active Listeningـن بەڵام ئەوان ئەوە ڕەتدەکەنەوە.

وتەبێژی مێتا ڕایگەیاند کە CMG هاوبەشی ئێمەیە و مێتا کەڵک لە بیستۆکی مۆبایلی خەڵک وەرناگرێت بۆ ڕێکلام.

هەروەها وتەبێژی ئەمازۆنیش ڕایگەیاند کە ئێمە هەرگیز هاوکاریمان لەگەڵ CMG نەکردووە بۆ ڕێکلام و پلانیشمان بۆ ئەو کارە نیە لە داهاتوودا.

جێگای ئاماژەیە کە CMG ساڵی پار لە بڵۆگێکدا ئاماژەی بەوە کردووە:

 ئایا بەڕاستی ئەوە (گوێگرتن بۆ بەکارهێنەر) یاساییە؟ لەو پۆستەدا ڕوون کراوەتەوە کە ئەگەر مۆبایلەکان و ئامێرەکان گوێتان بۆ دەگرن یاساییە. کاتێک بەرنامەیەک یان ئەپێکی نوێ دادەگیرێت و بەڕۆژ دەکرێتەوە، بەکارهێنەر ڕێککەوتنامەیەکی دێتە بەرچاو کە تایبەتمەندیی  Active Listening بەوردی لەخوارەوەی پەڕەکە گونجێندراوە

کۆمپانیای CMG ئاشکرای کردووە، دەتوانێت ئەو بەکارهێنەرانە دەستنیشان بکات کە ئامادەن بۆ کڕین و دەتوانێت پێڕستێکی پێشنیاری لە ڕێکلامی ئامانجدار دروست بکات بە پشتبەستن بە حەز و ئارەزووی کڕیاران.

سەرچاوە Apple InsiderGizmo China
بۆچونی تۆ