10
ئەپڵ 23, نیسان 2020

دەنگۆ: ئەپڵ چیپی 12 ناوەکی 5 نانۆمەتری خۆی بۆ کۆمپیوتەرەکانی ماک بەکاردەهێنێت

لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک دەنگۆ بوونیان هەبوون کە باسیان لەوە دەکرد گوایە ئەپڵ چیپی بەرهەمهێندراوی خۆی دەکاتە جێگرەوەی چیپەکانی Intel بۆ کۆمپیوتەرەکانی ماک. ئێستا هەمان دەنگۆ بە زانیاری زیاترەوە سەری هەڵدایەوە.

پێگەی Bloomberg لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای دەکات کە کۆمپانیای ئەپڵ سەرقاڵی پەرەپێدانی 3 دانە چیپی نوێیە بۆ کۆمپیوتەرەکانی ماک وەک بەشێک لە پڕۆژەی Kalamata، سەرجەم چیپەکان لەسەر پڕۆسێسەری A14 ـی ئایفۆن و ئایپادە نوێیەکانی کۆتاییەکانی ئەمساڵ بنچینە دەکرێن.

بە پێی پێگەکە بێت، یەکێک لە چیپەکان خاوەن 12 ناوکی یەکەی ناوەکی دەبێت بە هەبوونی 4 ناوکی کارامەی وزە و قەبارەی تەنها 5 نانۆمەتر دەبێت. ئەمە توانای زیاتر دەدات بە ئەپڵ تاوەکو باشتر کۆنتڕۆڵی ڕەقەکاڵای ئامێرەکانی بکات و بیکاتە جێگرەوەی چیپەکانی Intel، لە کاتێکدا کە Intel لە هەر نەوەیەکی نوێی ڕەقەکاڵادا بە شێوەیەکی دیاریکراو توانست زیاد دەکات. هەروەها ئەپڵ دەیەوێت زنجیرەی کارکردنی پڕۆسێسەری مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانی لەسەر یەک ڕێڕەو بهێڵێتەوە.

پێگەکە دەڵێت کە لە ساڵی داهاتوودا یەکەمین کۆمپیوتەری ماک چیپە خۆماڵییەکەی ئەپڵی لەسەر جێگیر دەکرێت، ئەویش پێشبینی دەکرێت MacBook Air بێت.

ئەمانە هەندێک زانیاری دیکەن لە لایەن پێگەکەوە:

  • چیپە خۆماڵییەکانی ئەپڵ (ARM) بۆ ماک لە لایەن کۆمپانیای TSMC بەرهەم دەهێندرێن و قەبارەیان تەنها 5 نانۆمەتر دەبن.
  • لە پاڵ ئەوەی کە چیپەکان خاوەن یەکەی کارپێکەر دەبن، خاوەن کارتی گرافیکیش دەبن.
  • چیپە نوێیەکانی ARM ـی ئەپڵ بۆ ماکەکان بەردەوام دەبن لە کارپێکردنی سیستەمی macOS لە جیاتی iOS، هاوشێوەی چیپەکانی Qualcomm ARM ـی کۆمپیوتەرەکانی Windows.
  • سەرەتا چیپە نوێیەکانی ARM ـی ئەپڵ لەسەر ماکبووکە ئاست نزمەکان جێگیر دەکرێن، وەکو MacBook Air. چونکە توانایان نابێت لە ڕووی توانست بگەنەوە بە چیپەکانی Intel لە کۆمپیوتەرە ئاست بەرزەکان.

لە ساڵی 2018 ـەدا دەنگۆ هەبوو کە گوایە ئەپڵ کار لەسەر بەرهەمهێنانی چیپ دەکات بۆ کۆمپیوتەرەکانی ماک لەسەر بنچینەی چیپی A12X ـی iPad Pro، وا دیارە ئەپڵ ئەمساڵ دەیەوێت ئەو ئامانجە کۆنەی بپێکێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ