ئینتەرنێت 7, نیسان 2020

ئایا نەوەی پێنجەمی پەیوەندی (5G) یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا؟ زانایان وەڵام دەدەنەوە

ماوەی چەند ڕۆژێکە سەدان کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەمی پەیوەندی (5G) یارمەتیدەرێکی باشە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە کۆرۆنا و بەرگری لەش لاواز دەکات یاخود لە ناوی دەبات، هەروەها لەم هەفتەیەدا ژمارەیەک هاوڵاتی دەستیان کرد بە تەقاندنەوەی تاوەرەکانی تەکنەلۆژیاکە لە ناوچەکانی بێرمنگهام و مێرسیسایدی بەریتانیا بە هەمان بیانو.

ئەوانەی کە بڕوایان بەم بابەتە هەیە، بەسەر دوو تیۆری دابەش بوون، کە دەڵێن:

  • تەکنەلۆژیای 5G توانای لاوازکردنی سیستەمی بەرگری لەشی هەیە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی کەسەکە ئاسانتر تووشی ڤایرۆسەکە ببێت.
  • ڤایرۆسەکە لە لایەن کەسانی توشبووەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای 5G بۆ کەسانی دیکە دەگوازرێتەوە.

بەڵام، دکتۆر سیمۆن کلارک، یاریدەدەری پڕۆفیسیۆر لە بەشی مایکرۆبایەلۆژی خانەکان لە زانکۆی Reading ـی بەریتانیا، ئەم بۆچوون و دەنگۆیانە بە “بە تەواوی بێمانا” ناو دەبات و دەڵێت تەکنەلۆژیای 5G هیچ پەیوەندییەکی بە سیستەمی بەرگری لەشەوە نییە.

بەرگری لەش بە زۆر شت دادەبەزێت، لەوانە؛ بە هۆی هیلاک بوونی زۆری ڕۆژانە یاخود کەم خواردنی خواردنە گیایی و میوەکان. ئەم هۆکارانە کاریگەری زۆر گەورە درووست ناکەن، بەڵام یارمەتیدەر دەبن تاوەکو بە ئاسانی ڤایرۆسەکان بگریت.

وە شەپۆلە ڕادیۆییەکان توانای تێکدانی فیزیۆلۆژی لەشیان دەبێت کاتێک لە دەوروبەرت زۆربن، ئەمەش مانای وایە کە دەبێتە هۆی لەکار خستنی سیستەمی بەرگری لەش یاخود لاواز کردنی. بەڵام ئاستەکانی وزەی تەکنەلۆژیای 5G زۆر بچووکن و لە ئێستادا لە هیچ شوێنێکدا هێندە بەهێز نین تاوەکو کار لەسەر تێکچوون و نەهێشتنی سیستەمی بەرگری لەش بکەن.

-دکتۆر سیمۆن کلارک، یاریدەدەری پڕۆفیسیۆر لە بەشی مایکرۆبایەلۆژی خانەکان لە زانکۆی Reading ـی بەریتانیا

ئەم وێنەیە، ئاستی شەپۆلە ڕادیۆییەکانی تەکنەلۆژیای 5G نیشان دەدات، هەر وەک دەردەکەوێت لە تێکڕای شەبەنگە موگناتیسییە کارەباییە کەمەکاندایە و توانای زۆر کەمترە لە ڕووناکییە بیندراوەکان، ئەمەش دەری دەخات کە شەپۆلە ڕادیۆییەکانی بە پێی پێویست بەهێز نین تاوەکو خانەکانی لەشی مرۆڤ تێکبشکێنن، بە پێچەوانەی تیشکدانەوە تێکڕا بەرزە شەبەنگییەکان کە لە تیشکی خۆر و ئامێرە X-Ray ـە پزیشکییەکاندا هەن:

هەرچی سەبارەت بەو تیۆرییەیە کە باس لە گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاکەوە، ئادەم فین، پڕۆفیسیۆری بەشی تایبەتی منداڵان لە زانکۆی Bristol ـی بەریتانیا، دەڵێت مەحاڵە تەکنەلۆژیای 5G توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەکەی هەبێت.

نەخۆشییە درمەکان بریتین لە ڤایرۆس کە لە لایەن کەسی تووشبوو بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێنەوە. هەمووان دەزانین کە ئەوە ڕاستە، تەنانەت لە تاقیگەکانماندا ڤایرۆسەکەمان هەیە کە کەسانێکی تووش کردووە.

ڤایرۆس و ئەو شەپۆلە موگناتیسییە کارەباییانەی کە پەیوەندی لە نێوان ئامێرەکان و ئینتەرنێت درووست دەکەن دوو شتی زۆر لێک جیاوازن – ڕێک وەک جیاوازی تەپاشیر و پەنیر.

-ئادەم فین، پڕۆفیسیۆری بەشی تایبەتی منداڵان لە زانکۆی Bristol ـی بەریتانیا

جێگەی ئاماژەپێکردنە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لەو شارانەی بەریتانیای مەزندا بەربڵاوە کە هێشتا تەکنەلۆژیای 5G ـی تێیاندا کارا نەکراوە. وە وڵاتێکی وەکو ئێران، کە ڤایرۆسەکەی بە شێوەیەکی ئێجگار زۆر تێدا بەربڵاوە، هێشتا هەر شتێک بوونی نییە تێیدا بە ناوی تەکنەلۆژیای 5G.

هەروەها دەزگای تەندرووستی نەتەوەیی لە بەریتانیا (NHS) ئەم دەنگۆ بێ بنەمایانەی بە خراپترین جۆری هەواڵی ناڕاست هەژمار کرد.

ئەگەر هێشتا نازانیت تەکنەلۆژیای 5G چییە، نەوەیەکی نوێی پەیوەندییە و خێراترینە، کە خێراییەکەی 20 هێندە لە خێرایی نەوەی چوارەمی پەیوەندی (4G/LTE) زیاترە و لە ئێستادا لە گەشەپێداندایە و بە تەواوی کارا نەکراوە لە ناوچەکانی جیهاندا.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین، بە داخەوە هەمیشە خەڵکانێکی زۆر بڕوایان بەم جۆرە دەنگۆیە بێ بنەمایانە بووە/دەبێت و بە ئاسانی شوێنی دەکەون بێ ئەوەی لە ڕاستی و درووستی بابەتەکە بکۆڵنەوە، وە کاتێک زانایەک بە شێوەیەکی زانستی بابەتەکە بە درۆ دەخاتەوە، پشتی لێ دەکەن و هێشتا وا دەزانن بۆچوونی خۆیان ڕاستە. ئەمڕۆ پۆستێکم بینی لە فەیسبووک باسی لەوە دەکرد کە تەکنەلۆژیای 5G مرۆڤەکان بە کۆیلە دەکات، کە بە تەواوی بێتاقەتی کردم.

سەرچاوە BBC News
بۆچونی تۆ