ئەپ و نەرمەکاڵا
21, تشرینی یەکەم 2023
یوتیوب بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی نوێکرایەوە

دواین جار ساڵی ڕابردوو بوو کە یوتیوب دیزاینەکەی نوێکرایەوە، ئێستاش بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی نوێوە کە ماوەیەکە بە شێوەی تاقیکاری بەردەست بوو نوێکرایەوە.
لە کارپێکەری ڤیدیۆ دەست پێ دەکەین، ئێستا لە ڕێگای تایبەتمەندی Stable Volume دەتوانیت جەنجاڵی دەنگی ڤیدیۆکان کەم بکەیتەوە کە بە شێوەیەکی پێش وەختە چالاک کراوە دەتوانیت بە پەنجەدان لە وێنۆچکەی ڕێکخستنەکان دواتر بەشی Additional Features دەتوانیت ناچالاکی بکەیت.

قەبارەی پێشبینین (Preview)ـی ڤیدیۆکان گەورەتر کراوە، ئێستا بە پەنجە ڕاگرتن لەسەر ڤیدیۆکان بە بەردەوامی خێراییەکەی دەبێت بە دوو هێندە و بە لابردنی پەنجە لەسەری خێراییەکەی وەکو خۆی لێدێتەوە.
ئێستا دووگمەی ڵایک و سەبسکرایب ئەنیمەیشنی نوێیان هەیە و لە کاتی داواکردنی سەبسکرایب لەلایەن یوتیوبەران ئەوا دوگمەی سەبسکرایب کاریگەری (Effect) بۆ دروست دەبێت.
هەروەها ڤیدیۆ نوێیەکان لە 24 کاتژمێری سەرەتای بڵاوکردنەوەی ڕاستەوخۆ ژمارەی بینەر و ڵایک گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
بەشی Library نوێکراوەتەوە ناوەکەی گۆڕداوە بۆ You و زانیاری کەناڵەکە و Download و Playlist و …هتد لە خۆدەگرێت.
هەروەها توانای گەڕانی بۆ میوزیک باشتر کراوە و هەمان تایبەتمەندی Hum To Search بزوێنەری گەڕانی گووگڵی بۆ زیاد کراوە.

موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.