سیستەمی وەگەرخەر
28, ئازار 2024
گووگڵ وەشانێکی تایبەت لە وێبگەڕی گووگڵ کرۆم بۆ ئەو کۆمپیوتەرانەی بە چیپسێتی کواڵکۆم کار دەکەن بەردەست دەکات

گووگڵ بە فەرمی ڕایگەیاند وەشانێکی نوێ لە وێبگەڕی گووگڵ کرۆم بۆ ئەو کۆمپیوتەرانەی کە بە پرۆسێسەری کواڵکۆم سناپدراگۆن کار دەکەن بەردەست دەکات. هەردوو کۆمپانیاکە دەڵێن کە ئەم وەشانە لە ڕووی کاراییەوە زۆر باشتر کراوە و لەمڕۆوە بەردەستە بۆ دابەزاندن. هەرچەندە لە ئێستادا کۆمپیوتەری ویندۆز هەیە کە کار بە چیپسێتی کواڵکۆم سناپدراگۆن دەکات، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەم ڕاگەیاندنە چیپسێتی Snapdragon X Elite ـە کە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار لەسەر کۆمپیوتەرەکان جێگیر دەکرێت (ئەگەر لە ئێستادا کۆمپیوتەرێکت هەیە کە کار بە پرۆسێسەری کواڵکۆم سناپدراگۆن دەکات، دەتوانیت وەشانەکە تاقی بکەیتەوە. بۆ داونڵۆد کردن کرتە لێرە بکە.)
کواڵکۆم پێشووتر بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم پرۆسێسەرە نوێیەیان لە ڕووی CPU نزیکەی دوو هێندە خێراترە لە پرۆسێسەری Core i7-1360P و i7-1355U لە کاتێکدا %68 وزە کەمتر بەکار دەبات. هەروەها کواڵکۆم دەڵێت تەواوی یارییەکانی ویندۆز لەسەر ئەم پرۆسێسەرە کار دەکات هەرچەندە بە ARM دیزاین کراوە و پێویست ناکات درووستکەرانی یارییەکە هیچ کۆدێک بگۆڕن بۆ گونجاندن لەگەڵ ئەم چیپسێتە.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.