دیزاین
29, تەممووز 2025
فۆتۆشۆپ چەند کردارێک لە ڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە زۆر ئاسانتر دەکات

ئەدۆبی چەند تایبەتمەندییەکی نوێی بە زیرەکی دەستکرد بەهێز کراو بۆ فۆتۆشۆپ بەردەست دەخات. ئەم تایبەتمەندییانە ڕێگەت پێدەدەن زۆر بە ئاسانی کەسەکان و تەنەکان لە وێنەکاندا بسڕیتەوە یان زیاد بکەیت. هەروەها ئەم نوێکردنەوەیە بەرز کردنەوەی ڕوونی بە زیرەکی دەستکرد و ئامرازێک بۆ تێکەڵ کردنی تەنە نوێیەکان لەگەڵ وێنەکاندا بەردەست دەکات. ئەم ئامرازە بە “Harmonize” ناودەبرێت و کاتێک تەنێک زیاد دەکەیت ئەوا ڕاستەوخۆ ڕەنگ، ڕووناکی، سێبەری وێنەکە ڕێک دەخات. ئەم کردارانە پێشووتر کاتێکی زۆر و لێهاتوویەکی زۆری دەویست بەڵام ئێستا تەنها بە چەند کلیکێک ئەنجام دەدرێت. لە ئێستادا ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەی تاقیکاری بۆ فۆتۆشۆپ بەردەستە لەسەر وێب و دێسکتۆپ و ئەپی فۆتۆشۆپ بۆ iOS.

هەروەها ئەو ئامرازەی کە ڕوونی وێنەکان بەرزتر دەکاتەوە بە شێوەی تاقیکاری بەردەست دەبێت لەسەر وێب و دێسکتۆپ و ئەدۆبی دەڵێت دەتوانێت ڕوونی وێنەکان زیاد بکات بە بێ ئەوەی تایبەتمەندی وێنەکە لەدەست بدات. هەروەها ئامرازێک بۆ لابردنی تەنەکان بە شێوەیەکی خۆکارانە بەردەست دەبێت.

میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.