رەقەکاڵا 8, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای AMD پڕۆسێسەرە نوێیەکانی زنجیرەی Ryzen 4000 ـی بە قەبارەی 7 نانۆمەتر بۆ لاپتۆپەکان نمایشکرد

لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کۆمپانیای AMD پڕۆسێسەرە نوێیەکانی زنجیرەی Ryzen 4000 ـی بە قەبارەی 7 نانۆمەتر بۆ لاپتۆپەکان نمایشکرد.

پڕۆسێسەرە نوێیەکانی زنجیرەی Ryzen 4000 لەسەر چیپی Zen 2 ـی کۆمپانیاکە دیزاین کراون. پڕۆسێسەرە نوێیەکان لە 2 جۆر پێکدێن: جۆری یەکەم ناوی 15W Ryzen 4800U ـە و دیزاین کراوە بۆ لاپتۆپە هەڵگیراوەکان، هەروەها جۆری دووەم ناوی 45W Ryzen 4800H ـە و بە تایبەت دیزاین کراوە بۆ لاپتۆپەکانی تایبەت بە یاریکردن و جۆرە ئاست بەرزەکان. ئەم پڕۆسێسەرانە بۆ ڕکابەرایەتی پڕۆسێسەرە 10 نانۆمەترییەکانی نەوەی دەیەمی Ice Lake ـی کۆمپانیای Intel درووست کراون، هەروەها کۆمپانیاکەش وەکو نەوەیەک بۆ پڕۆسێسەرەکانی Ryzen 3 و Ryzen 5 و Ryzen 7 هاوشێوەی Core i3 و i5 و i7 ـی Intel بەکاریان دەهێنێت. قەبارەی پڕۆسێسەرە نوێیەکان تەنها 7 نانۆمەترن.

بەڕێز Lisa Su، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای AMD، لەسەر سەکۆی نمایشکردنەکە ڕایگەیاند کە پڕۆسێسەری Ryzen 4800U خاوەن 8 ناوک دەبێت و خێراییەکەی 1.8 گێگاهێرتز دەبێت و بەرزترین خێرایی 4.2 گێگاهێرتز دەبێت. هەروەها پڕۆسێسەری Ryzen 7 4800U بە ڕێژەی 4% لە تاک کردارەکان، 90% لە فرە کردارەکان و 28% لە بواری گرافیکدا بە بەراورد بە نەوەی دەیەمی پڕۆسێسەری Core i7 خێراترە.

هەرچی دەربارەی پڕۆسێسەرە نوێیەکەی زنجیرەی H ـە، خاوەن 8 ناوک و 16 یەکەی کارپێکەر دەبێت و خێرایی 2.9 گێگاهێرتز دەبێت و بەرزترین خێرایی دەگات بە 4.2 گێگاهێرتز.

کۆمپانیای AMD دەڵێت پڕۆسێسەرە نوێیەکانی زنجیرەی AMD Ryzen 4000 بۆ یەکەمجار لەسەر لاپتۆپەکانی کۆمپانیاکانی Acer و Asus و Dell و HP و Lenovo و چەند کۆمپانیایەکی دیکە لە چارەکی ئەمساڵدا جێگیر دەکرێن. ئەمەی خوارەوە خشتەی تەواوی تایبەتمەندییەکانی پڕۆسێسەرە نوێیەکانن:

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ