سامسۆنگ 4, ئەیلوول 2025

زنجیرە تابلێتی Galaxy Tab S11 نمایش کرا

سامسۆنگ لە کۆنگرەی IFA 2025 زنجیرە تابلێتی Galaxy Tab S11 نمایش کرد. ئەم زنجیرەیە دوو نەوە لە خۆ دەگرێت کە جۆری ئاسایی و ئەڵتران و تەنکتر و سووکتر کراونەتەوە.

جۆری ئاسایی خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 11 ئینجە لە جۆری Dynamic AMOLED 2X بە ڕوونی 2560 * 1600 پێکسڵ و تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز و ڕووناکی کۆتایی دەگاتە 1,600 نێت. بە چیپسێتی Mediatek Dimenisty 9400 Plus بەهێز کراوە و لە دواوەیدا خاوەن یەک کامێرای سەرەکییە بە ڕوونی 13 مێگاپێکسڵ. هەروەها کامێرای سێڵفی ڕوونی 12 مێگاپێکسڵە. خاوەن پاترییەکی قەبارە 8,400 مللی ئەمپێر/کاتژمێرییە و پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 45 وات دەکات. بڕوانامەی IP68ی بۆ دژە ئاو و خۆڵ و تۆز هەیە.

جۆری ئەڵترا.

هەرچی جۆری ئەڵترایە، خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 14.6 ئینجییە بە هەمان تایبەتمەندییەکانی جۆری ئاسایی بەڵام ڕوونی 2960 * 1848 پێکسڵە واتە ڕوونی بەرزترە. هەروەها ڕوونماکەی دژە تیشکدانەوەیە. هەردوو جۆرەکەی 7 ساڵ نوێکردنەوەی ئەندرۆید و ئاسایشی مانگانەی پێدەگات.

هەمان چیپسێتی لەسەر جێگیر کراوە و لە دواوەیدا جیا لە کامێرای سەرەکی کامێرای گۆشە فراوانی بە ڕوونی 8 مێگاپێکسڵ هەیە. هەروەها پاترییەکەی قەبارەی 11,600 مللی ئەمپێر/کاتژمێرە و بەهەمان شێوە پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 45 وات دەکات.

پێنووسی زیرەکی S Pen و تایبەتمەندی Samsung DeX دووبارە دیزاین کراونەتەوە بۆ ئەم نەوەیە نوێیانە. نرخی دەستپێکی جۆری ئاسایی بۆ بیرگەی 128 گێگابایت و ڕامی 8 گێگابایت بریتییە لە 799.99 دۆلار و بۆ جۆری ئەڵترا بریتییە لە 1,199 دۆلار.

سەرچاوە Samsung BlogGSM Arena
بۆچونی تۆ