10
ڕێنمایی 12, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

چۆن هەڵبژاردن بکەم لە نێوان کڕینی ئایفۆنە نوێیەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max ـدا؟

ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ بە ناوەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max ـەوە نمایش کران. هێشتا شتێک لەلای ئاشقانی ئایفۆنە نوێیەکان بە نادیاری ماوەتەوە، ئەویش هەڵبژاردنی یەکێکیانە بۆ کڕین. لەم بابەتەدا کەی ئای تی ئێن بۆت ئاشکرا دەکات کە کامیان بە پێی خواستی تۆیە تاوەکو بیکڕیت.

  • نرخت بەلاوە گرنگە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، کڕینی iPhone 11 گونجاوە. چونکە نرخی مۆبایلەکە بە تەواوی مامناوەندە و نرخی لە 699$ ـەوە دەست پێدەکات. لە کاتێکدا کە نرخی مۆبایلەکانی iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max لە 999$ و 1,099$ ـەوە دەست پێدەکەن و بە پێی بژاردەکانی قەبارەی بیرگە زیاتر دەکەن

  • دەتەوێت کامێرای لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بێت؟

یەکێک لە گرنگترین نوێکارییەکانی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ، بریتی بوو لە کامێرا. ئەگەر مەبەستت لە ئاست بەرزی کامێرایە، ئەوا ئایفۆنەکانی iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max بە تەواوەتی بە دڵی تۆیە. چونکە هەردوو ئایفۆنە نوێیەکە لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێران بە ڕوونییەکانی 12 مێگاپێکسڵ. هەروەها جۆری کامێراکانیان لە Wide و Telephoto و Ultra Wide ـە بە تیرەکانی f/1.8 و f/2.0 و f/2.4، کە ئەمەش بە تەواوی بێ کەم و زیادە بۆ بەدەستخستنی جۆرایەتییەکی باشی وێنە و ڤیدیۆ. هەروەها کامێراکانیان خاوەن تایبەتمەندییەکانی دۆخی شەو (Night Mode) و Deep Fusion ـە تایبەت بۆ چرکاندنی وێنەکان لە ڕووناکی کەمدا و ئەوی دیکە تایبەت بە نیشاندانی وردەکارییەکانی نێو وێنەکە لە ڕووناکییە مامناوەندەکاندا. هاوشان لەگەڵ توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆکان بە ڕوونی 4K.

  • گرنگی بە قەبارەی بچووک یاخود گەورە دەدەیت؟

ئەگەر دەتەوێت قەبارە بچووکترینی نێو ئایفۆنە نوێیەکان بکڕیت، iPhone 11 Pro گونجاوترینە، چونکە ئایفۆنەکە خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 5.8 ئینج و بچووکترینی نێو ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت قەبارە گەورەترینی نێو ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ بکڕیت، ئەوا iPhone 11 Pro Max گونجاوترینە، چونکە خاوەن ڕوونمایەکی گەورەیە بە قەبارەی 6.5 ئینج.

  • تەنها دەتەوێت ئایفۆنەکەت بگۆڕیت بۆ نوێترین جۆری ئایفۆن؟

ناتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، چونکە ئەمە دەکەوێتە سەر دۆخی دارایی و حەزی تۆ. بەڵام ئەگەر دۆخی دارایت لە ئاستێکی هێندە باشدا نییە، ئەوا iPhone 11 شیاوترە بۆت. وە ئەگەر ئاستی دارایت لە ئاستێکی باش یاخود بەرزدایە، مۆبایلەکانی iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max بە شیاو دەزانین بۆت. لە کۆتایدا، حەزی خۆت دەزانێت کە کامەیان هەڵبژێریت بۆ کڕین.

هەروەها کۆمپانیای ئەپڵ ئۆفەری ئاڵوگۆڕکردنی ئایفۆنە کۆنەکانی بە نوێیەکان ڕەخساندووە لە کۆگا فەرمییەکانی خۆی و دەتوانیت بە بڕە پارەیەکی دیاریکراو و مامناوەند ئایفۆنە کۆنەکەت بگۆڕیت بە دانەیەک لە نوێیەکان. هاوشان لەگەڵ ئۆفەری فرۆشتنی ئایفۆنە نوێیەکان بە قیستی مانگانە. بەڵام، بەداخەوە بە هۆی نەبوونی هیچ کۆگایەکی فەرمی ئەپڵ لە کوردستان، ئەم ئۆفەرانە ئێمە ناگرێتەوە.

دەتوانیت لەم بەستەرەی خوارەوە بزانیت چ کاتێک گونجاوە بۆ کڕینی ئایفۆنە نوێیەکان:

هەروەها لەم بەستەرانەی خوارەوە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max بزانە:

بۆچونی تۆ