ئەپڵ 14, ئه‌یلول 2019

5 شت کە دەربارەی iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max نایانزانیت

ئایفۆنە نوێیەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن ئەپڵەوە ڕاگەیاندران. بەڵام کۆمپانیاکە ئاماژەی بە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی ئایفۆنە نوێیەکان نەکرد لە کۆنگرەکەدا. ئەمەش وا دەکات هەندێک تایبەتمەندی ئایفۆنە نوێیەکان لە لایەن خەڵکی بە نادیاری بمێننەوە.

هێشتا هەندێک شت هەیە کە لەوانەیە نەیزانیت سەبارەت بە ئایفۆنە نوێیەکان، ئەمانە 5 شتن کە ڕەنگە دەربارەی iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max نەیانزانیت:

  • ئایفۆنە نوێیەکان خاوەن وەشانی 6 ـی تەکنەلۆژیای Wi-Fi ـن

هاوشێوەی مۆبایلەکانی Galaxy S10 و Note 10 ـی کۆمپانیای سامسۆنگ، سەرجەم ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵی ئەپڵیش خاوەن نەوەیەکی نوێی تەکنەلۆژیای Wi-Fi ـین بە ناوی Wi-Fi 6. بە بەراورد بە وەشانی Wi-Fi 5، خێرایی Wi-Fi 6 زۆر زیاترە و لە هەمان کاتدا یارمەتی هەستەوەرەکانی دیکە دەکات تاوەکو وزەیەکی کەمتری پاتری بەفیڕۆ بدەن.

  • خاوەن چیپی Ultra Wideband ـن

سەرجەم ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵی ئەپڵ خاوەن چیپی Ultra Wideband ـن، کە یارمەتی دۆزینەوەی ئایفۆنەکانی دیکە دەدات بە شێوەیەکی خێراتر. هەر ئەم چیپەش وا دەکات تایبەتمەندی AirDrop تایبەت بە گواستنەوەی وێنە و ڤیدیۆکان لە ئایفۆنە نوێیەکاندا باشتر بکات.

  • خاوەن بارگاویکەرەوەی USB-C ـن بە توانای 18 وات

لە پاکەتی سەرجەم ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵدا، پلاگ و وایەری بارگاویکردنەوەی USB-C بۆ Lightning بوونیان هەن کە ئایفۆنەکان بە توانای 18 وات بارگاوی دەکەنەوە. ئەوەی جێی ئاماژەپێکردنە، خودی دەرچەی ئایفۆنەکان هەر Lightning ـن و USB-C نین، بەڵکو تەنها لایەکی وایەری بارگاویکردنەوەکەیان USB-C ـە.

  • کێش و قەبارەی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ قورستر و ئەستوورترن

بە بەراورد بە ئایفۆنەکانی ساڵی ڕابردوو، ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ کێشیان قورسترە و قەبارەیان ئەستوورترە. بە جۆرێک کە iPhone 11 Pro کێشی 31 گرام زیادی کردووە و ئەستووریشی 0.4 میلیمەتر زیادی کردووە بە بەراورد بە iPhone XS، وە کێش و قەبارەی iPhone 11 Pro Max ـیش 18 گرام و 0.4 میلیمەتر زیادی کردووە بە بەراورد بە iPhone XS Max ـی ساڵی ڕابردوو. بەڵام کێشی iPhone 11 بە هەمان شێوەی iPhone XR ـی ساڵی ڕابردوو ماوەتەوە.

  • خاوەن 3D Touch نین

ئەپڵ کۆتایی بە تایبەتمەندی 3D Touch لە سەرجەم ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵدا هێنا و بە تایبەتمەندی Haptic Touch جێگەی گرتەوە. تایبەتمەندی 3D Touch لە ساڵی 2015 لەگەڵ ڕاگەیاندنی iPhone 6S ـدا ئاشکرا کرا و تایبەت بوو بە ئاسانکاری کردن بۆ نەکردنەوەی ئەپ و پەڕە جیاوازەکان لە ڕێگەی فشارکردن لە ڕوونما. تایبەتمەندی Haptic Touch ـیش هەمان کار ئەنجام دەدات، بەڵام پێویست بە فشارکردن لەسەر ڕوونما ناکات.

هەروەها خوێنەربە:

بۆچونی تۆ