10
بابەتی گرینگ 14, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

ئەم ڤیدیۆیە ڕێژەی بەرزی و نزمی گەشەسەندنی سیستەمەکانی مۆبایل لە 1999 بۆ 2019 پیشان دەدات

بێگومان هەر 5 ساڵێک دەبێت خەڵکی بە گشتی مۆبایل وەکو ئامێری سەرەکی بەکاردەهێنن و کۆمپیوتەر بە گشتی پشتگوێ خراوە. لە ماوەی ڕابردوودا چەندان سیستەمی وەگەڕخەری مۆبایل سەریان هەڵدا و هەندێکیان بۆ ماوەیەکی درێژ لە گۆڕەپان بوون و هەندێکیشیان زوو گۆڕەپانیان چۆڵکرد. لەم سۆنگەیەوە، کەناڵی یوتیوبی Data is Beautiful لە ڤیدیۆیەکیدا ڕێژەی بەرزی و نزمی گەشەسەندنی سیستەمەکانی مۆبایل لە 1999 بۆ 2019 بە شێوەیەکی سەرەنجڕاکێش بەرهەم هێناوە. لە خوارەوە بینەری بن:

ئەوەی زۆر لە ڤیدیۆکە دیارە، داگیرکردنی گۆڕەپانەکەیە لەلایەن ئەندرۆید بە پلەی یەکەم و ئای ئۆ ئێس بە پلەی دووەم کە چۆن لە چەند ساڵەی ڕابردوودا بە خێرایی ڕیزی پێشەوەیان گرت و سیستەمە دیارەکانی تریان کۆتایی پێ هێنا. شتێکی تر کە جێگەی سەرسوڕمانە، ئەویش لەگەڵ ئەوەی ئای ئۆ ئێس ڕێژەکەی لەچاو ئەندرۆید زۆر کەمترە، بەڵام پشکی شێر لە قازانج هەر بۆ خۆیەتی.

لە ڕاستیدا، ڤیدیۆکە کەمێک خەمباری کردم سەبارەت بە سیمبیان کە چۆن هەموو گۆڕەپانەکە لە ژێر دەسەڵاتی خۆی بوو و ئاوا لە ناکاو شوێنیان پێ چۆڵکرد، و بە یەکجاری ماڵئاوایی لێ کردین. پێم وایە بێ ئاگایی و کەمتەرخەمی نۆکیا لە ڕووی پەرەپێدانی سیستمەکەوە وای کرد ئاوا بە ئاسانی کۆتایی پێ بێت و ماڵئاوایی بکات. بیرمە زۆر بە تامەزرۆییەوە Nokia N97 و Nokia 6720 و چەندانی ترم بەکاردەهێنان، بەڵام ڕاستی نۆکیا زۆر هێواشبوو لە پەرەپێدانی سیستەمەکە و پشتگیرکردنی زمانەکانی دونیا و بەهێزکردنی لە ڕووی فەرمان و کردارەوە.

پێش ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس، کام سیستم و مۆبایلت بەکار دەهێنا؟ من خۆم ویندۆز فۆنم هەبووە و نۆکیاش بە بەردەوامی، تاوەکو کاتی هاتنی ئایفۆن.

بۆچونی تۆ