مۆبایل و تابلێت 8, شوبات 2020

مۆبایلی چەماوەیی Motorola Razr توانای هەیە 100,000 جار بچەمێتەوە؟

مۆبایلی چەماوەیی Motorola Razr، یەکێکە لە مۆبایلە چەماوەییە نوێیەکان کە ساڵی ڕابردوو ڕاگەیاندرا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەستکرا. هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنیدا، کۆمپانیای مۆتۆرۆلا جەختی لە بەهێزی و خۆڕاگری مۆبایلە چەماوەییەکەیان دەکردەوە. بەڵام ئاخۆ تا ڕادەیەکی زۆر خۆڕاگرە؟

پێگەی CNET، لە نوێترین چالاکییاندا پەخشێکی ڕاستەوخۆیان لە یوتیوب ئەنجامدا و تێیدا مۆبایلی مۆبایلی چەماوەیی Motorola Razr ـیان کردە نێو ڕۆبۆتێکی چەماندنەوەوە، کە لە لایەن کۆمپانیای SquareTrade ـەوە درووست کرابوو. پێگەکە ئامانجی ئەوە بوو تاوەکو ژمارەی جارەکانی چەمانەوەی مۆبایلی Motorola Razr بگەیەنن بە 100,000 جار. بەڵام ئامێرەکە توانی تەنها 27,000 جار ڕوونمای مۆبایلەکە بچەمێنێتەوە و لە چەمانەوە وەستا.

ئامێرەکە بە هۆی تێکچوونی جۆرایەتی ڕوونما چەماوەییەکەی Motorola Razr لە چەمانەوە وەستا، لە پاشان تاقیکارەکە دەستی دایە مۆبایلە چەماوەییەکە و ڕایگەیاند کە هەست بە هەندێک دەنگ دەکات لە کاتی چەمانەوەی ڕوونمای مۆبایلەکەدا، لەگەڵ هەستکردن بە هەندێک درز لە بەشی پشتەوەی نێوان ڕوونماکاندا.

ئەمە تەواوی ڤیدیۆی هەڵسەنگاندنەکەیە:

بە پێی ئەم هەڵسەنگاندنە بێت، ئەگەر کەسێک لە ڕۆژێکدا 52 جار مۆبایلی چەماوەیی Motorola Razr بکاتەوە و دایبخاتەوە، ئەوا مۆبایلەکە تەنها بەرگەی ساڵ و نیوێک لە بەکارهێنان دەگرێت. بێگومان، ئەم تاقیکردنەوە زۆر جیاوازە لە شێوازی بەکارهێنانی ڕۆژانە.

لە هەمان تاقیکردنەوەی پێگەی CNET بۆ مۆبایلی چەماوەیی Samsung Galaxy Fold لە ڕابردوودا، مۆبایلە چەماوەییەکە توانی 120,000 لە نێو ئامێرەکەدا بچەمێتەوە.

نرخی مۆبایلی چەماوەیی Motorola Razr لە 1,499$ ـەوە دەست پێدەکات، خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 710 و ڕامی 6 گێگابایت و پاتری 2,510 ملی ئەمپێرییە. لە ئێستادا بەردەستە بۆ کڕین.

بۆچونی تۆ