بابەتی گرینگ 22, ئازار 2026

بۆچی کۆمپانیاکانی مۆبایل چیتر کەلەی بارگاویکردنەوە لەناو کارتۆنەکاندا دانانێن؟ بیانووەکان و ڕەخنەکان چین؟

هەڵەنەبم ئەپڵ بوو وەکو یەکەم گەورە کۆمپانیا لە ٢٠٢٠ لەگەڵ زنجیرەی ئایفۆن ١٢ کەلەی بارگاویکردنەوەی لە پاکەتی مۆبایل لابرد. لەو کاتەوە کاتێک مۆبایلێکی نوێ دەکڕیت، کارتۆنەکەی دەکەیتەوە و دەبینیت تەنیا کەیبڵێکی تێدایە و کەلەی بارگاویکردنەوەی (شەحنەکەی) دیار نییە. ڕەنگە پێت سەیر بێت و بڵێیت بۆچی کۆمپانیاکان وا دەکەن؟ لەم وتارەدا بە سادەیی هۆکارەکە و ڕاستییەکانی پشت ئەم بڕیارە ڕوون دەکەمەوە.

بیانووی کۆمپانیاکان چییە؟

کۆمپانیاکانی دروستکردنی مۆبایل چەند هۆکارێک دەخەنە ڕوو بۆ ئەم کارەیان، کە دیارترینیان کەمکردنەوەی تێچوو و پاراستنی ژینگەیە:

  • کارتۆنی بچووکتر: بە لابردنی کەلەی بارگاویکردنەوە، قەبارەی کارتۆنی مۆبایلەکە بە ڕێژەی ٪٥٠ بچووکتر دەبێتەوە و شوێنی کەمتر دەگرێت.

  • گواستنەوەی هەرزانتر: کاتێک کارتۆنەکان تەنک دەبن، دەتوانن لە یەک کاتدا ڕێژەی ٪٧٠ مۆبایلی زیاتر لەناو بارهەڵگرەکاندا بار بکەن، ئەمەش تێچووی گواستنەوە کەم دەکاتەوە.

  • کەمکردنەوەی پاشماوە: زۆربەمان کەلەی بارگاویکردنەوەی کۆنمان هەیە، بۆیە کۆمپانیاکان دەڵێن پێدانی کەلەی نوێ تەنیا دەبێتە هۆی دروستبوونی ملیۆنان تەن پاشماوەی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا. هەروەها، کۆمپانیاکان پارەیەکی زۆر دەگەڕێننەوە بەوەی کە تێچووی دروستکردنی کەلەی بارگاویکردنەوە نادەن.

پرسیار ئەوەیە، کەواتە چۆن بەیەک کەلە هەموو ئامێرەکان بارگاوی بکەینەوە؟

ئێستا زۆربەی ئامێرەکان پشت بە سیستەمی USB-C دەبەستن کە خێرایە و بۆ زۆر ئامێر گونجاوە. واتە ئەگەر تۆ یەک کەلەی بارگاویکردنەوەی باش و کوالێتی بەرزت هەبێت، دەتوانیت بۆ چەندین ئامێری جیاواز بەکاری بهێنیت (وەک مۆبایل، تابلێت، یان ئامێری گەیمینگ) و پێویستت بە کەلەی نوێ نابێت. ئەمە لەکاتێکدا، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە نابێت سەری شەحنی زۆر هەرزان و بێ کوالێتی بەکاربهێنرێت، چونکە سەلامەت نین. ئەم جۆرە کەلە هەرزانانەش زۆر زۆرن لە بازاڕ! پێویستە وریابن.

ڕەخنەکان و ڕاستییەکان چین؟

لێرەدا پرسیارە گرنگەکە دروست دەبێت! زۆر کەس ڕەخنە لەم بڕیارە و بیانوی کۆمپانیاکان دەگرن و دەڵێن ئەگەر کەسێک کەلەی بارگاویکردنەوەی نەبێت، ناچارە یەکێکی نوێ بە جیا بکڕێت. کەواتە:

  • کڕینی کەلەی بارگاویکردنەوەی بە جیا، واتە دروستکردنی کارتۆنێکی تری جیاواز و گواستنەوەی بە جیا کە ئەمەش زیان بە ژینگە دەگەیەنێت.

  • لێکدانەوەکان دەریدەخەن کە دروستکردن و گواستنەوەی دوو کارتۆنی بچووک، یەکێک بۆ مۆبایل و یەکێک بۆ شەحن، لە ڕاستیدا پاشماوەی زیاتر دروست دەکات وەک لەوەی هەردووکیان لە یەک کارتۆنی کەمێک گەورەتردا بەیەکەوە بن.

ئێوە چی دەڵێن؟ بەڕاست بیانوی کۆمپانیاکان لەجێگەی خۆیەتی؟ ڕای خۆتان لە کۆمێنت بەجێ بهێڵن.

تاگەکان Apple Charger
بۆچونی تۆ