10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 17, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

سامسۆنگ دانی پێدا دەنێت کە هەستەوەری پەنجەمۆری مۆبایلی Galaxy S10 خاوەن کەلێنێکی ئاسایشییە

ئەمڕۆ یەکێک کەلێنێکی ئاسایشی لە هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونمای مۆبایلی Galaxy S10 ـدا دۆزییەوە کە ڕێگەی دەدا بە پەنجەمۆری هەموو کەسێک قفڵی مۆبایلەکە بکرێتەوە. سامسۆنگ هەر زوو دانی بە هەبوونی کەلێنەکەدا دانا و بەڵێنی چارەسەرکردنی دا.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی BBC، ژنێکی بەریتانی لە ماڵپەڕی eBay بەرگێکی پارێزەری هەرزانی بۆ ڕوونمای مۆبایلە Galaxy S10 ـییەکەی کڕی. لە پاش ماوەیەک، ژنەکە سەرنجی دا کە قفڵی مۆبایلەکەی بە پەنجەمۆری پەنجە گەورەی دەستی چەپیشی دەکرێتەوە، هەر بەمەشەوە نەوەستا و سەرنجی دا کە قفڵی مۆبایلەکەی بە پەنجەمۆری هاوسەرەکەشی دەکرێتەوە.

هۆکاری ئەم کێشەیە، دەگەڕێتەوە بۆ بەرگی پارێزەری ڕوونمای مۆبایلەکە، بە هۆی ئەوەی هەمان کاردانەوەی دەبێت بۆ پەنجەمۆری ئەو کەسانەی کە پەنجەمۆریان لێکەوە نزیکە.

هەر بە زوویی، کۆمپانیای سامسۆنگ کاردانەوەی بۆ ئەم ڕووداوە هەبوو و ڕایگەیاند کە کار لەسەر چارەسەرکردنی کەلێنە ئاسایشییەکەی هەستەوەری پەنجەمۆری مۆبایلەکە دەکەن و بەمنزیکانە وەشانێکی نوێی سیستەم ڕەوانەی خاوەن مۆبایلەکانی Galaxy S10 دەکرێت بە مەبەستی چارەسەرکردنی کەلێنەکە.

لە ڕابردوودا، ژمارەیەک ڕاپۆرت ئاماژەیان بەوە دەدا کە بە هۆی نەگونجاوی هەندێک بەرگی پارێزەری ڕوونما لەگەڵ هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونمای مۆبایلی Galaxy S10 ـدا، هەندێک درزی هەوا درووست دەکەن و دەبنە هۆی کردنەوەی قفڵ بە پەنجەمۆری کەسانی دیکە.

مۆبایلی Galaxy S10 نوێترین مۆبایلی زنجیرەی S ـی گالەکسییە و لە مانگی 3 ـی ئەمساڵدا ڕاگەیاندرا، کە هەمیشە ئەم زنجیرەیە ڕکابەرێکی سەرسەختی ئایفۆنە نوێیەکانە.

سەرچاوە BBCMac Rumors
بۆچونی تۆ