10
سامسۆنگ 20, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

چیدیکە ئەپی Samsung Dex پشتگیری لە سیستەمی کارپێکەری Linux ناکات

ئەپی Samsung Dex لە ساڵی 2017 ـەدا بۆ یەکەمجار لە لایەن سامسۆنگەوە نمایشکرا. ئەپەکە ڕێگە بە بەکارهێنەرانی دواین نەوەکانی زنجیرە مۆبایلەکانی Galaxy S و Galaxy Note دەدات تاوەکو مۆبایلەکانیان پەیوەستی کۆمپیوتەر و لاپتۆپەکان بکەن و بتوانن مۆبایل لە کۆمپیوتەرەکاندا بەکار بهێنن.

لە سەرەتادا ئەپەکە پشتگیری لە سیستەمی Windows و Linux دەکرد، لەمساڵیشدا پشتگیری سیستەمی macOS بۆ ئەپەکە زیادکرا. بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، کۆمپانیای سامسۆنگ ئیمەیڵی بۆ بەکارهێنەرانی ئەپی Samsung Dex لە سیستەمی Linux ـدا ناردووە و ڕایگەیاندووە کە چیدیکە ئەپی Samsung Dex لە سیستەمی Linux پشتگیری لەو مۆبایلانەی سامسۆنگ ناکات کە لەسەر وەشانی Android 10 و نوێتر کار دەکەن. هەروەها کۆمپانیاکە ئاماژەشی بەوە کردووە کە ئەگەر وەشانی مۆبایلەکەت بکەیت بە Android 10، دواتر ناتوانیت وەشان بگەڕێنیتەوە بۆ Android 9 Pie و سوودمەند ببیت لە ئەپەکە لە سیستەمی Linux.

سامسۆنگ هۆکاری لابردنی پشتگیری ئەپی Samsung Dex ـی لە سیستەمی Linux ـدا ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕایگەیاندووە کە چیدیکە پشتگیری ئەپەکە بۆ سیستەمە سەرچاوە کراوەکان زیاد ناکەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمپانیای سامسۆنگ دەستیکرد بە ڕەوانەکردنی وەشانی تاقیکاری Android 10 بۆ مۆبایلەکانی Galaxy S10 و لە ئامادەکاریدایە تاوەکو وەشانەکە ڕەوانەی ژمارەیەک لە مۆبایلەکانی دیکەی بکات.

سەرچاوە XDA-Developers
بۆچونی تۆ