10
سامسۆنگ 22, تشرینی دووه‌م 2019

ڕێندەرەکانی مۆبایلی Galaxy S11 بڵاوکرانەوە و وا دیارە سامسۆنگ گۆڕانکاری لە دیزاینی کامێراکانی پشتەوەدا دەکات

ڕاگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە زنجیرەی Galaxy S لە لایەن سامسۆنگەوە بە ناوی Galaxy S11 نزیکە، هەر بۆیە لەمەوبەدوا دزەپێکراوەکان و دەنگۆکان لە هەموو کات زیاتر بڵاودەبنەوە.

ژمارەیەک وێنە ڕێندەری مۆبایلی نوێی Galaxy S11 لە لایەن پێگەی 91Mobiles ـەوە بڵاوکراونەتەوە و یەکەمین دیزاینی مۆبایلە نوێیەکەی سامسۆنگ بەدیار دەخەن. یەکەم شت کە لە وێنەکاندا تێبینی دەکەیت، دیزاینی کامێراکانی پشتەوەیەتی، کە جیاوازتر دەبێت لە هەموو ئەو مۆبایلانەی کە تاوەکو ئێستا سامسۆنگ بەردەستی کردوون. وا دیارە سامسۆنگ دەیەوێت پەیوەستی کۆمپانیاکانی ئەپڵ و گووگڵ ببێت و سەرجەم کامێراکانی پشتەوەی مۆبایلەکەی لە شووشەیەکدا کۆ بکاتەوە. ڕەنگە ژمارەی کامێراکانی پشتەوەی مۆبایلەکە 4 دانە یان زیاتر ببن.

سەبارەت بە ڕووی پێشەوەی، لە وێنەکاندا وا دیارە دیزاینی پێشەوەی هاوشێوەی دیزاینی مۆبایلی نوێی Galaxy Note 10 دەبێت و خاوەن کامێرایەک دەبێت لە ناوەڕاستی بەشی سەرەوەی ڕوونماکەیدا. هەروەها خاوەن ڕوونمایەکی پڕاوپڕ دەبێت.

پڕوپاگەندەکان دەڵێت مۆبایلی Galaxy S11 لە پشتەوە خاوەن کامێرایەک دەبێت بە ڕوونی 108 مێگاپێکسڵ و پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 865 ـی لەسەر جێگیر دەکرێت (کە تاوەکو ئێستا ڕانەگەیەندراوە)، هەروەها خێرایی نوێبوونەوەی ڕوونماکەی 120 هێرتز دەبێت.

پێدەچێت هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، لە ساڵی داهاتووشدا کۆمپانیاکە مۆبایلی Galaxy S11 لە ساتەوەختێکی مانگی 2 ـدا نمایش بکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ