کواڵکۆم
24, تشرینی یەکەم 2023
بەهۆی چیپە نوێیەکانی کواڵکۆمەوە دەتوانیت Wi-Fi بەکار بهێنیت لە جیاتی Bluetooth بۆ پەیوەست بوون بە بیستۆکی بێتەل

بۆچی بیستۆکە بێتەلەکەم ناتوانێت Wi-Fi بەکار بهێنێت لە جیاتی Bluetooth بۆ پەیوەست بوون؟ ئەمە یەکێکە لە باوترین پرسیارەکان لە جیهانی تەکنەلۆژیا، وە وەڵامەکان هەمیشە بە یەک شێوە دەدرێنەوە کە بریتین لە ئەوەی Wi-Fi وزەیەکی زۆرتر بەکار دەبات و قەبارەی پاتری بیستۆکە بێتەلەکان زۆر سنووردارە. بەڵام وادیارە کواڵکۆم چارەسەری لایە!
بە فەرمی کواڵکۆم زنجیرە چیپێکی نوێی دەنگی بە ناوی Snapdragon S7 Gen 1 ڕاگەیاند بۆ بیستۆکە بێتەلەکان، جۆری S7 Pro Gen 1 توانای هەیە وا لە بیستۆکە بێتەلەکان بکات کە لە ڕێگەی Wi-Fi و Bluetooth ـیشەوە پەیوەست بکرێن.
تەکنەلۆژیای XPAN چییە و چۆن کار دەکات؟
کرۆکی ئەم داهێنانە بەهۆی تەکنەلۆژیایەکی نوێیە بە ناوی Expanded Personal Area Network کە بە کورتکراوەیی بە XPAN ناودەبرێت. لەگەڵ تەکنەلۆژیای micro-power Wi-Fi تێهەڵکێش دەکرێت بۆ بەکارهێنانی Wi-Fi لە جیاتی Bluetooth بۆ پەیوەست بوون بە بیستۆکی بێتەلەوە. تەکنەلۆژیای Expanded Personal Area Network بەکار دەهێندرێت بۆ گۆڕینی ئامرازی پەیوەست بوون لە Bluetooth بۆ Wi-Fi لە کاتی پێویستدا، واتە کاتێک لە دوورییەکی زیاتر دەبیت کە تەکنەلۆژیای Bluetooth پشتیگری لێ ناکات، هەروەها تەکنەلۆژیای micro-power Wi-Fi بەکار هێندراوە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە. بەمەش بەکارهێنانی بیستۆکی بێتەل چیدیکە سنووردار نابێت لە مەودایەکی کەمدا و دەتوانرێت بۆ مەودایەکی زیاتر بەکار بهێندرێت.

زنجیرە چیپسێتی Snapdragon S7 Gen 1 نزیکەی 100 هێندە باشتر کراوە لە ڕووی زیرەکی دەستکردەوە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی و 3 هێندە بە شێوەیەکی گشتی باشتر کراوە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی. پشتگیری لە نەوەی چوارەمی تەکنەلۆژیای لابەری ژاوە ژاو (ANC) دەکات کواڵکۆم بە باشترین نەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە ناوی دەبات. هەروەها ئەم چیپە نوێیانە پشتگیری لە Bluetooth 5.4 دەکەن.

میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.