10
سامسۆنگ 24, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

سامسۆنگ نوێکارییەکی ڕەوانەی مۆبایلی Galaxy S10 کرد بە مەبەستی چارەسەرکردنی کەلێنی هەستەوەری پەنجەمۆرەکەی

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەلێنێک لە هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونمای زنجیرە مۆبایلەکانی Galaxy S10 ـدا دۆزرایەوە کە ڕێگەی دەدا هەستەوەرەکە پەنجەی هەموو کەسێک بناسێتەوە و قفڵی مۆبایلەکە بکاتەوە. خۆشبەختانە، وا دیارە کێشەکە چارەسەر کرا.

بە پێی پێگەی XDA-Developers بێت، ئەمڕۆ کۆمپانیای سامسۆنگ نوێکارییەکی ڕەوانەی مۆبایلی بەکارهێنەرانی زنجیرە مۆبایلەکانی Galaxy S10 کرد لە وڵاتی کۆریای باشوور، وەشانە نوێیەکە بە تەنها تایبەتە بە چارەسەرکردنی کەلێنێک لە هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونمای مۆبایلەکەدا کە ڕێگەی دەدا بە پەنجەی هەموو کەسێک قفڵی مۆبایلەکە بکرێتەوە. قەبارەی وەشانە نوێیەکە تەنها 7.1 مێگابایتە و بەمنزیکانە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی Galaxy S10 لە سەرانسەری جیهان دەگات.

بە هەمان شێوە، مۆبایلەکانی گالەکسی Note 10 ـیش خاوەن هەمان کەلێنن، سامسۆنگ دەڵێت لە هەفتەی داهاتووەوە دەست دەکات بە ڕەوانەکردنی وەشانێکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کەلێنەکە بۆ خاوەن مۆبایلەکانی گالەکسی Note 10.

هۆکاری کێشەی ناسینەوەی هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونمای مۆبایلەکە، دەگەڕێتەوە بۆ جۆرێکی ساختەی بەرگی پارێزەری ڕوونما، بە هۆی ئەوەی هەمان کاردانەوەی دەبێت بۆ پەنجەمۆری ئەو کەسانەی کە پەنجەمۆریان لێکەوە نزیکە.

سەرچاوە XDA-Developers
بۆچونی تۆ