ئینتەرنێت 26, تشرینی یه‌كه‌م 2019

کۆمپانیای SpaceX دەیەوێت ساڵی داهاتوو پڕۆژەی Starlink بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ سەرانسەری جیهان بەردەست بکات

ماوەیەکی زۆرە کۆمپانیای SpaceX کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکات بە ناوی Starlink، کە مەبەست لێی دابینکردنی ئینتەرنێتە بۆ سەرجەم دانیشتوانی گۆی زەوی بێ جیاوازی. وا دیارە کاتی بەردەستکردنی پڕۆژەکە زۆر نزیک بۆتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی SpaceNews بێت، کۆمپانیای SpaceX ئامانجیەتی کە لە ناوەڕاستەکانی ساڵی داهاتوودا دەست بکات بە بەردەستکردنی پڕۆژەی Starlink بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ سەرانسەری جیهان. بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەمەش، کۆمپانیاکە دەبێت لە 6 بۆ 8 هەڵدانی مانگە دەستکردەکان لە ڕێگەی موشەکەوە بۆ بۆشایی ئاسمان سەرکەوتوو بێت، بۆ هەر موشەکێکیش پێویستە 60 مانگی دەستکرد بوونی هەبێت.

کۆمپانیای SpaceX دەیەوێت هەزاران مانگی دەستکرد بۆ دابینکردنی پڕۆژەکە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات، کە بە شێوەیەک دیزاین دەکرێن تاوەکو بۆ مەودایەکی کەم لە زەوییەوە دوور بکەونەوە و بتوانن تیشکی ئینتەرنێت بگەیەننە ڕووی زەوی. تاوەکو ئێستا کۆمپانیای SpaceX مۆڵەتی بۆ ڕەوانەکردنی 12,000 مانگی دەستکردنی بۆ بۆشایی ئاسمان لە لایەن کۆمسیۆنی فیدڕاڵی گەیاندنەوە وەرگرتووە. هەروەها لە هەفتەی ڕابردوودا، کۆمپانیاکە داواکارییەکی ڕەوانەی یەکێتی پەیوەندی نێودەوڵەتی کرد بۆ داواکردنی شەپۆلی ڕادیۆیی لە کاتی گواستنەوەی 30,000 مانگی دەستکردی پڕۆژەکەدا بۆ بۆشایی ئاسمان. ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە کۆمپانیاکە دەیەوێت 42,000 مانگی دەستکردی تایبەت بە پڕۆژەکە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات.

تاوەکو ئێستا، کۆمپانیای SpaceX بە مووشەکێک 60 دانە مانگی دەستکردی تایبەت بە پڕۆژەی Starlink ـی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە، ئەویش لە مانگی 5 ـی ئەمساڵدا بوو، بەڵام لەگەڵ گەیاندنی مانگەکان بۆ بۆشایی ئاسمان، پەیوەندی لەگەڵ 3 مانگی دەستکرددا پچڕا.

لە ڕۆژی سێشەممەدا، بەڕێز Elon Musk بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای SpaceX لە تویتەردا 2 جریوەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە جریوەکان لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانی پڕۆژەی Starlink ـەوە کراون، لە جریوەکەی دیکەدا ڕایگەیاند “کار دەکات!”. ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە سەرکەوتوو بوون لە کارپێکردنی ئینتەرنێتی پڕۆژەی Starlink.

هێشتا زۆر شت ماوە تاوەکو بە ئەنجام بگەیەندرێن بۆ بەردەستکردنی ئینتەرنێتی پڕۆژەی Starlink بۆ دانیشتوانی زەوی. یەکێک لەو کارانە، بریتییە لە دابینکردنی ئامێرێک بۆ بەکارهێنەران بۆ وەرگرتنی پەیوەندی لە شەپۆلەکانی مانگە دەستکردەکانەوە. هەروەها کۆمپانیاکە پێویست دەکات کە بیر بکاتەوە چۆن خزمەتگوزارییەکە بەردەست بکات، بە پێی پێگەی SpaceNews بێت، SpaceX بە شێوەی ڕاستەوخۆ خزمەتگوزارییەکە بۆ ژمارەیەک لە دانیشتوانی زەوی بەردەست دەکات و بۆ هەندێک دانیشتوانی دیکە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی تایبەت بە پەیوەندییەوە دەبێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ