سامسۆنگ
29, تشرینی یەکەم 2019
سامسۆنگ لاپتۆپەکانی Galaxy Book Flex و Galaxy Book Ion ـی بە ڕوونمای QLED Full HD ـەوە ڕاگەیاندن

لە میانەی کۆنگرەی گەشەپێدانی سامسۆنگ (Samsung Developer Conference) لە ئەمڕۆدا، کۆمپانیای سامسۆنگ هەریەکە لە لاپتۆپەکانی Galaxy Book Flex و Galaxy Book Ion ـی بە ڕوونمای QLED Full HD ـەوە ڕاگەیاندن. ئەمانە یەکەمین لاپتۆپن کە خاوەن ڕوونمای جۆری QLED ببن.
هەردوو لاپتۆپە نوێیەکانی Galaxy Book Flex و Galaxy Book Ion بە قەبارەکانی 13 و 15 ئینج و ڕوونمای جۆری QLED ـەوە بەردەست دەکرێن. هەردووکیان پشتگیری لە تایبەتمەندی Samsung Wireless PowerShare دەکەن بۆ بەخشینی وزەی پاتری بە ئامێرەکانی دیکە بە شێوەی بێوایەر.

لاپتۆپی Galaxy Book Flex خاوەن ڕوونمایەکی هەستیارە بە قەبارەکانی 13 و 15 ئینج. پڕۆسێسەری نەوەی دەیەمی Intel ـی جۆری Ice Lake ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 16 گێگابایت لە جۆری LPDDR4X و بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی 1 تێرابایت لە جۆری PCIe NVMe SSD و گرافیکی جۆری Nvidia GeForce MX250. لاپتۆپە نوێیەکە خاوەن هەستەوەری ئاسایشی پەنجەمۆرە و تەچ پادەکەی توانای بارگاویکردنەوەی ئامێرەکانی وەک مۆبایل و کاتژمێرە زیرەکەکانی هەیە.
هەر بە ناوەکەیدا دیارە کە ڕوونماکەی توانای نوشتانەوەی هەیە بە پلەی 360 و پشتگیری لە قەڵەمی زیرەکی S-Pen دەکات و هەستیارە. خاوەن 2 دەرچەی Thunderbolt 3 و دەرچەیەکی microSD ـە.

لاپتۆپی Galaxy Book Ion ـیش خاوەن ڕوونمایەکی هەستیارە بە قەبارەکانی 13 و 15 ئینج. پڕۆسێسەری نەوەی دەیەمی Intel ـی جۆری Comet Lake ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 16 گێگابایت لە جۆری DDR4 و بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی 1 تێرابایت لە جۆری PCIe NVMe SSD و گرافیکی جۆری Nvidia GeForce MX250. جۆرە 15 ئینجییەکەی خاوەن ڕامی جۆری SODIMM ـە.
بە هەمان شێوە، تەچ پادەکەی توانای بارگاویکردنەوەی ئامێرەکانی وەک مۆبایل و کاتژمێرە زیرەکەکانی هەیە. هەروەها بە پێچەوانەی لاپتۆپی Galaxy Book Flex ـەوە، لاپتۆپی Galaxy Book Ion خاوەن دەرچەیەکی جۆری HDMI ـە.
هەردوو لاپتۆپەکە خاوەن پاترییەکی 69.7 واتین.
تاوەکو ئێستا نرخ و تایبەتمەندییەکانی دیکەی لاپتۆپە نوێیەکان نەزاندراون، بەڵام دەزانرێت کە لە مانگی 12 ـی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێن.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.