ئای ئۆ ئێس 11, ئازار 2020

کۆدە دزەپێکراوەکانی iOS 14 زانیاری زیاتریان ئاشکرا کرد: ناوی ئامێرە نوێیەکانی ئەپڵ و دیزاینێکی نوێ بۆ پەڕەی ماڵەوەی iOS

کەمتر لە 3 مانگ ماوە بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی WWDC20 (ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بهێڵێت) بۆ ڕاگەیاندنی وەشانی iOS 14 تێیدا، بەڵام کۆدەکانی وەشانەکە دزەی پێکرا و زۆرینەی تایبەتمەندییە نوێیەکانی ئاشکرا بوو.

پێگەی 9To5Mac توانیویانە کۆدە دزەپێکراوەکانی iOS 14 ـیان دەست بکەوێت و بە بەردەوامی سەرقاڵن تاوەکو پشکنینی تێدا بکەن بە مەبەستی ئاشکراکردنی تایبەتمەندییە نوێیەکانی. پێگەکە توانیویانە بە شێوەیەکی زۆر باش زانیاری و تایبەتمەندییەکانی نێو کۆدە دزەپێکراوەکانی وەشانەکە ئاشکرا بکەن و بڵاوی بکەنەوە. ئەمانە زانیارییە دزەپێکراوەکانی وەشانەکەن:

ڕەقەکاڵا

کۆدە دزەپێکراوەکانی iOS 14 پێمان دەڵێت ئەم ئامێرانە لە ڕێگەن:

  • تابلێتی نوێی iPad Pro بە هەبوونی 3 دانە کامێرا لە پشتەوە، هاوشێوەی iPhone 11 Pro، هەروەها پشتگیری لە AR دەکات.
  • ئایفۆنێکی نوێ بە هەبوونی هەستەوەری پەنجەمۆری Touch ID، بێگومان ئەمە iPhone 9 یاخود iPhone SE 2 دەبێت.
  • ئامێرێکی نوێی Apple TV بە هەبوونی کۆنتڕۆڵێکی نوێوە.
  • ئامێرێک بە ناوی AirTags، کە تایبەت دەبێت بە دۆزینەوەی شوێنی کەلوپەلەکان.

پێشتر سەرجەم ئەو زانیارییانە دزەیان پێکرابوون، بۆیە نوێ نین.

نەرمەکاڵا

کۆدە دزەپێکراوەکانی iOS 14 پێمان دەڵێت ئەم گۆڕانکارییانە لە وەشانی iOS 14 ڕوو دەدەن:

  • دیزاینێکی نوێ بۆ پەڕەی سەرەکی ئەپەکانی iOS و وەکو بژاردە زیاد دەبێت، کە ئەپەکان بە شێوەی لیست نیشان دەدات و گەڕان و دۆزینەوەی ئەپەکان ئاسانتر دەکات. ڕوون نییە کە دیزاینەکەی چۆن دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکەین هاوشێوەی لیستی ئەپەکانی watchOS ببێت.
  • ئەپێکی نوێی AR، کە بە خستنە سەری کامێرا بۆ سەر بنەماکان، زانیارییەکانی زیاتر نیشان دەدات. بۆ نموونە؛ کاتێک تێیدا کامێرا دەخەیتە سەر کۆگایەکی ئەپڵ، زانیاری و نرخی ئامێرەکان نیشان دەدات.
  • ئەپە لایەنە سێیەمینییەکان (ناسەرەکییەکان) توانایان دەبێت گونجاندن لەگەڵ ئەپی Settings بکەن و پاشبنەماکان بۆ بەشی پاشبنەماکانی Settings زیاد بکەن. ئەمەش گۆڕینی پاشبنەماکان ئاسانتر دەکات و ڕەنگە لە کۆتایدا ڕێگە بە گەشەپێدەران بدات تاوەکو پاشبنەمای داینامیک درووست بکەن.
  • خزمەتگوزاری HomeKit توانای دەبێت ڕەنگی گەرمی گڵۆپەکان لەگەڵ ڕووناکی خۆردا بگونجێنێت.
  • زیادکراوێک کە ڕێگە بە مۆبایل دەدات تاوەکو دەنگە ئاگادارکەرەوەکانی وەک ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس و زیاتر بناسێتەوە و هەززەی مۆبایلەکە هاوشێوەی دەنگەکان لێ بکات. ئەمە بە سوود دەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە توانای بیستنیان لەدەست داوە.
  • نوێکارییەکی زۆر بچووک؛ زیادکردنی بەشی وێنە بڵاوکراوەکانی هاشتاگی ShotOniPhone# لە نێو ئەپی Photos.

ئەم زانیارییانە تەواو نوێن و پێشتر هیچ کامیان دزەیان پێ نەکرابوون، وا دیارە ئەپڵ ژمارەیەک گۆڕانکاری زۆر و نایاب لە وەشانەکەدا ئەنجام دەدات.

بێگومان وا دیارە پێگەی 9to5Mac زانیاری زیاتری وەشانەکەی لەلایە، بەڵام نایەوێت هەمووی بە یەکجار بڵاو بکاتەوە. هاوکات پێگەی MacRumors هاوشانی 9to5Mac، زانیارییەکانی وەشانەکە بڵاو دەکاتەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ