ئامێرە هەمەجۆرەکان 30, كانونی یه‌كه‌م 2019

پێدەچێت لە بەهاری ساڵی داهاتوودا ئەپڵ جۆری PRODUCT)RED) لە زنجیرەی پێنجەمی Apple Watch بەردەست بکات

پێگەی WatchGeneration لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای کردووە کە لە داتابەیستی ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵەوە بۆیان ئاشکرابووە بەم نزیکانە ئەپڵ جۆری PRODUCT)RED) لە زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch بەردەست دەکات.

بۆ چەند ساڵێکی زۆرە ئەپڵ جۆری PRODUCT)RED) لە ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی بەردەست دەکات و داهاتەکەشی دەدات بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان. بەڵام هەرگیز پێشووتر ئەپڵ ئەو جۆرەی لە زنجیرەکانی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch بەردەست نەکردووە. پێگەی WatchGeneration ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ ژمارەیەک زانیارییان لە داتابەیستی ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵدا دۆزیوەتەوە کە ئاماژە بە ڕاگەیاندنی جۆری PRODUCT)RED) دەدەن لە زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ـدا، بەڵام بە زوویی ئەپڵ زانیارییەکانی لە داتابەیسەکەیدا سڕییەوە.

پێگەی WatchGeneration دەڵێت لاشەی جۆری نوێی PRODUCT)RED) ـی زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch لە ماددەی ئەلەمنیۆم دەبێت، هەروەها لە بەهاری ساڵی داهاتوودا بەردەست دەکرێت.

لە ئێستادا ئەپڵ جۆری PRODUCT)RED) لە مۆبایلی iPhone 11 دەفرۆشێت. ئەو بەرهەمانەی ئەپڵ کە لە جۆری PRODUCT)RED) ـن، ڕەنگیان سوورن و داهاتەکەیان دەدرێت بە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە نەخۆشی ئایدز.

بەردەستکردنی جۆرێکی نوێ لە زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch بەر لە ڕاگەیاندنی زنجیرەیەکی نوێ لە بەرهەمەکانی لە ساڵی داهاتوودا، یارمەتی کۆمپانیاکە دەدات بۆ زیادکردنی فرۆشی کاتژمێرە زیرەکەکە.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ