ئەپڵ 31, تشرینی یه‌كه‌م 2019

کۆمپیوتەری Mac Pro لە لایەن کۆمسیۆنی فیدڕاڵی گەیاندنەوە قبوڵکرا و ئامادەیە بۆ بەردەستکردن

لەو کاتەوەی کە ئەپڵ کۆمپیوتەری نرخ بەرزی Mac Pro ـی لە مانگی 6 ـی ئەمساڵدا ڕاگەیاند، کۆمپانیاکە هیچ ئاماژەیەکی بە ڕێکەوتی بەردەستکردنی کۆمپیوتەرەکە نەکرد، تەنها گوتی لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بە نرخی 5,999$ بەردەست دەکرێت.

کۆمپیوتەری Mac Pro لە لایەن کۆمسیۆنی فیدڕاڵی گەیاندنەوە (FCC) قبوڵ کرا و بووە خاوەن بڕوانامەی بەردەستکردن و ئامادەیە تاوەکو لە لایەن ئەپڵەوە بەردەست بکرێت. وەرگرتنی ڕەزامەندی کۆمسیۆنی فیدڕاڵی گەیاندن بە مانای ئەوە نایات کە یەکسەر ئامێرەکە بەردەست بکرێت، کۆمپانیا هەبووە لە دوای چەند مانگێک لە وەرگرتنی ڕەزامەندی کۆمسیۆنەکە، ئینجا ئامێرەکەی بەردەست کردووە. بەڵام وەک هەمیشە، ئەپڵ بە ماوەیەکی زۆر کەم لە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی کۆمسیۆنی فیدڕاڵی گەیاندن، ئامێرەکانی بەردەست کردووە.

وێنەی ژێرەوەی کۆمپیوتەری Mac Pro بە هەبوونی وێنۆچکەی کۆمسیۆنی فیدڕاڵی گەیاندنەوە بڵاوکراوەتەوە. ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە، نووسینی “Assembled in China” بە مانای “پێوەلکاندن لە چین” بەدی دەکرێت لە ژێرەوەی کۆمپیوتەرەکەدا. لە کاتێکدا لە مانگی ڕابردوودا ئەپڵ ڕایگەیاند کە شوێنی پێوەلکان و بەرهەمهێنانی Mac Pro نوێیەکە لە چینەوە دەگوازنەوە بۆ شاری ئۆستنی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا.

بێگومان، بۆ ئەمەش هەندێک ڕوونکردنەوە هەیە. ڕەنگە ئەپڵ هەندێک پارچەی کۆمپیوتەرەکەی لە چین بەرهەم هێنابێت و لە پاشان گواستبێتییەوە بۆ ئۆستن. یاخود ڕەنگە بە جیا کرداری بەرهەمهێنانی لە ئۆستن ئەنجام دابێت و پێوەلکاندنی لە چین ئەنجام دابێت. ئەو ژمارە کۆمپیوتەرانەی Mac Pro کە لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا کاری پێوەلکاندنی پارچەکانی بۆ ئەنجام دەدرێت، لە ژێرەوەیان دەنووسرێت “Assembled in the USA”.

لە مانگی 7 ـی ئەمساڵدا ئەپڵ داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردبوو تاوەکو ڕێگە بە ئەپڵ بدات بەرهەمهێنانی ژمارەیەک لە ئامێرەکانی لە چینەوە بگوازێتەوە بۆ وڵاتی دایک، ئەمریکا. هەروەها لە مانگی 9 ـشدا ئەپڵ بە فەرمی ڕایگەیاند کە شوێنی بەرهەمهێنانی کۆمپیوتەری Mac Pro لە چینەوە دەگوازنەوە بۆ ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا.

بەر لەوەی هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەردەست بکرێت، پێویستە ڕەزامەندی کۆمسیۆنی فیدڕاڵی گەیاندن (FCC) وەربگرێت. گەر نا بە هیچ جۆرێک ناتوانرێت بە بێ ئەم ڕەزامەندییە ئامێرەکان لە ناوخۆی ئەمریکادا بەردەست بکرێن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ