10
مایکرۆسۆفت 3, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

مایکرۆسۆفت وێنۆچکەی نوێی Microsoft Edge ـی ئاشکراکرد و چیدیکە لە Internet Explorer ناچێت

کاتێک لە ساڵی 2015 کۆمپانیای مایکرۆسۆفت وێبگەڕی Microsoft Edge ـی ڕاگەیاند، وێنۆچکەکەی بە تەواوەتی لە وێنۆچکەی وێبگەڕی کۆنی Internet Explorer دەچوو. بەڵام کۆمپانیاکە بۆ ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر داڕشتنەوەی وێبگەڕی Microsoft Edge لەسەر پڕۆژەی سەرچاوە کراوەی Chromium دەکات و دواجار وێنۆچکەکەشی گۆڕی.

وێنۆچکەی نوێی وێبگەڕی Microsoft Edge لە پەنجەرەیەکی نێو دواین وەشانی بنچینەکراوی Canary ـیدا بەدیار کەوت و تاوەکو ئێستا وێنۆچکەی سەرەکی نەگۆڕدراوە بە وێنۆچکە نوێیەکە. شێوەی وێنۆچکە نوێیەکە پیتی “e” نیشان دەدات، بەڵام چیدیکە لە وێنۆچکەی Internet Explorer ناچێت. هەروەها شێوەی وێنۆچکەکە لە شێوەی شەپۆلدایە و خاوەن دیزاینێکی سەردەمییانەیە.

لە مانگی 8 ـی ئەمساڵدا مایکرۆسۆفت دەستیکرد بە بەردەستکردنی وێبگەڕی Microsoft Edge ـی بنچینەکراو لەسەر پڕۆژەی سەرچاوە کراوەی Chromium بە شێوەی تاقیکاری، بەڵام هێشتا وێبگەڕەکە بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست نەکراوە.

وێنۆچکەی ئێستای Microsoft Edge.
بۆچونی تۆ