ژیری دەستکرد AI
20, تشرینی دووەم 2024
چاتبۆتی Gemini ئێستا بیرەوەی هەیە
چاتبۆتی Gemini ئێستا دەتوانێت زانیارییەکانی تایبەت بە کارەکەت، ژیانی تایبەتیت و زیاتر بیر بمێنێت.
گووگڵ لە تۆڕی ئێکس (لە ڕابردوو بە تویتەر ناسرابوو) ڕایگەیاند تایبەتمەندییەکە بۆ بەکارهێنەران بەردەستە. تایبەتمەندییەکە یارمەتیدەر دەبێت گفتوگۆکانت لەگەڵ چاتبۆتەکە دەوڵەمەندتر و ئاسانتر بێت، بۆ نموونە پێی دەڵێیت کە سەرقاڵی فێربوونی زمانێکی پرۆگرامینگی، جاری داهاتوو ئەگەر پرسیارت دەربارەی بابەتی پرۆگرامینگ کرد ئەوا نموونە بەو زمانە دەهێننێتەوە کە فێری دەبیت.
تایبەتمەندییەکە لە ئێستادا تەنها بۆ بەشداربووانی Google One AI Premium بەردەستە کە نرخی بەشداری کردنی مانگانەی 20 دۆلارە. هەروەها پێگەی 9to5google ئاماژەی بەوە کرد تایبەتمەندییەکە هێشتا لە وەشانی ئەپی چاتبۆتەکە لەسەر هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و iOS بەردەست نەبووە و تەنها لە وەشانی وێب بەردەستە.
هەروەها هیچ لە زانیارییەکان بەکارناهێنرێن بۆ ڕاهێنان پێکردنی مۆدێلەکان و دەتوانیت هەر کاتێک ویستت زانیارییەکانت لەو بەشە بسڕیتەوە.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.