10
ئینتەرنێت 15, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

لەمەودوا گووگڵ یارمەتیت دەدات بۆ دەربڕینی وشە قورسەکان

گووگڵ دەیەوێت یارمەتیت بدات تاوەکو ئاسانتر دەربڕین بۆ وشە قورسەکانی نێو زمانی ئینگلیزی ئەنجام بکەیت.

لە هەنگاوێکی نوێدا، کۆمپانیای گووگڵ تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ بەشی گەڕانەکانی تۆڕەکەی زیادکرد کە بە Machine Learning درووست کراوە. تایبەتمەندییەکە یارمەتیدەرە بۆ دەربڕینی وشە قورسەکانی نێو زمانی ئینگلیزی.

تایبەتمەندییەکە بە شێوەیەک کار دەکات، کە بە تەنها نووسینی چۆنیەتی دەربڕینی وشە خوازراوەکە و ئەنجامدانی گەڕان بۆی، وشەکەت بە شێوەی دەنگی بۆ دەخوێنێتەوە بە یارمەتی ژیری دەستکرد (AI). هەر هێندەش نا، بەڵکو لە خوار دوگمەی خوێندنەوەی وشەکاندا، دوگمەیەک هەیە بە ناوی “Practice” تاوەکو ڕاهێنان لەسەر دەربڕینی وشەکە بکەیت.

بۆ زانینی چۆنیەتی دەربڕینی وشەکان، ناوی وشە خوازراوەکە دەکەیتە پشتی ڕستەی “How to pronounce”. بۆ نموونە؛ “How to pronounce asterisk”. لە پاشان گەڕانی بۆ ئەنجام دەدەیت و دەتوانیت گوێ لە شێوازی خوێندنەوەکەی بگریت و ڕاهێنان لەسەر دەربڕینی بکەیت.

گووگڵ دەڵێت ئەم تایبەتمەندییەی بەشی گەڕانەکانی تۆڕەکەی لە ئێستادا و بە تەنها بۆ زمانی ئینگلیزی و سەکۆی مۆبایلەکان بەردەستە و لە داهاتوودا بۆ زمانی ئیسپانیش زیاد دەکرێت.

سەرچاوە The VergeEngadget
بۆچونی تۆ