ئامێرە هەمەجۆرەکان 6, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Samsung تەلەفزیۆنی 2020 QLED 8K TV ـی بە بێ هەبوونی لێوارەوە نمایشکرد

تەلەفزیۆنی بێ لێوار بووە شتێکی ڕاستەقینە لە ئەمساڵدا. لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کۆمپانیای Samsung تەلەفزیۆنی 2020 QLED 8K TV ـی بە بێ هەبوونی لێوارەوە نمایشکرد.

ناوی ڕاستەقینەی تەلەفزیۆنەکە، Q950TS ـە. خاوەن ڕوونمایەکە لە جۆری QLED و بە ڕوونی 8K، خاوەن دیزاینێکی ڕوونمای تایبەتە بە ناوی “Infinity Display”. ڕوونماکەی بە ڕێژەی 99% ـی لاشەی تەلەفزیۆنەکەی گرتۆتەوە، بەمەش لە لایەکانەوە خاوەن هیچ لێوارێک نییە و بە تەواوی بێ لێوارە، تەنها بەشی خوارەوەی نەبێت کە خاوەن لێوارێکی کەمە بە ئەستووری 2.3 میلیمەتر. ئەستووری خودی تەلەفزیۆنەکە 15 میلیمەترە، کە بە تەواوەتی کەم و ناوازەیە.

بە پێی وتەی پێگەی The Verge بێت، ڕوونی ڕوونمای ئەم تەلەفزیۆنە هیچی نەهێشتۆتەوە بۆ گوتن بە بەراورد بە تەلەفزیۆنە 8K ـە نمایشکراوەکانی ساڵی ڕابردووی کۆنگرەکە، ئەمەش وا دەکات بە شێوەیەکی چڕ ئەم تەلەفزیۆنە پێشنیاز کراو بێت بۆ کڕین.

ئەم تەلەفزیۆنە لە ناوەوە خاوەن پڕۆسێسەری ژیری دەستکردی کوانتەمە، بە هەمان شێوە زۆرینەی بەشەکانی دیکەشی بە ژیری دەستکرد بەهێز کراون. لە ڕووی دەنگەوە بە تەواوەتی نایابە، سوپاس بۆ تایبەتمەندی Object Tracking Sound Plus، بە پێی بنەماکانی دیمەنەکانی ڕوونما دەنگ بە چواردەوری تەلەفزیۆنەکەدا پەخش دەکات. هەروەها خاوەن شریتێکی دەنگییە، کە Samsung بە Q-Symphony ناوی دەبات.

بە هۆی هەبوونی دۆخی Adaptive Picture ـەوە، توانای هەیە ڕووناکی ڕوونماکەی خودکارانە کۆنتڕۆڵ بکات بە پێی بنەمای دیمەنەکانی ڕوونما. هەروەها بە هۆی تایبەتمەندی Active Voice Amplifier ـەوە، تەلەفزیۆنەکە خودکارانە دەنگە گڕەکان ناهێڵێت و کۆنتڕۆڵی دۆخی دەنگ دەکات.

تایبەتمەندییە ژیرەکانی دیکەی، بریتییە لە یاریدەدەری دەنگی، کە خاوەن هەر سێ یاریدەدەری دەنگی Samsung Bixby و Amazon Alexa و Google Assistant ـە. بە هۆی تایبەتمەندی Digital Butler ـەوە، دەتوانیت کۆنتڕۆڵی ئامێرە Wi-Fi و Bluetooth ـەکان بکەیت، تەنانەت ئەو ئامێرانەشی کە پەیوەستی ئینتەرنێت نابن.

تایبەتمەندی Tap View، تایبەتمەندییەکی دیکەیە لە نێو تەلەفزیۆنەکەدا کە ڕێگەت دەدات لە ڕێگەی مۆبایلەکەتەوە کۆنتڕۆڵی تەلەفزیۆنەکە بکەیت.

بە هۆی تایبەتمەندی ScaleNet ـی ژیری دەستکردەکەیەوە، توانای پەخشکردنی دیمەنەکانی بۆ ئەو ڕایەڵانەی دەبێت کە پشتگیری لە ڕوونی تاوەکو 4K دەکەن، ئەویش بە پەستاندنی ڕوونییە 8K ـەکان بۆ 4K و ڕاستەوخۆ پەخشکردنیان بۆ ڕایەڵەکە.

تەلەفزیۆنەکە پشتگیری لە دۆخەکانی Multi-view و Picture-in-Picture و Side-by-Side دەکات.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی Samsung بێت، تەلەفزیۆنەکە خاوەن 120 کەناڵی جیهانی دەبێت بە خۆڕایی.

تاوەکو ئێستا Samsung نرخ و ڕێکەوتی بەردەستکردنی ئەم تەلەفزیۆنەی ئاشکرا نەکردووە.

سەرچاوە The VergeBGR
بۆچونی تۆ