10
مۆبایل و تابلێت 20, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

پێویستە بڕی 1,000$ بدەیت بە هواوەی بۆ چاککردنەوەی ڕوونمای مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X

هەر وەک دەزانین، لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای هواوەی مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X ـی بە نرخی 2,400$ لە بازاڕەکانی وڵاتی چیندا بەردەست کرد. ئەمڕۆ کۆمپانیاکە تێچووی گۆڕینی گرنگترین پارچەکانی مۆبایلە چەماوەییەکەی ئاشکرا کرد.

بەداخەوە، نرخەکان بە ڕادەیەک بەرزن، بە تێڕوانین لێیان نیگەرانت دەکەن. تێچووی گۆڕینی ڕوونمای مۆبایلی Huawei Mate X بڕی 1,000$ ـە و بە گرانترین پارچە هەژمار دەکرێت. دووەم گرانترین پارچەی مۆبایلە چەماوەییەکە، بریتییە لە چیپەکەی، کە تێچووی گۆڕینی بڕی 510$ ـە.

تێچووی گۆڕینی کامێرای مۆبایلە چەماوەییەکە بڕی 100$ ـە، هەروەها تێچووی گۆڕینی هەریەکە لە پاتری و ڕووکەشەکەی 39$ و 50$ ـە.

نرخەکانی سەرەوە سەرجەمیان نرخی فەرمین و لە لایەن چاککەرەوە فەرمییەکانی کۆمپانیا چینییەکەوە ڕەچاو دەکرێن. لە کاتێکدا کە تاوەکو ئێستا مۆبایلە چەماوەییەکە بە تەنها لە بازاڕەکانی وڵاتی چین بەردەستە، بێگومان لە داهاتوودا بۆ بازاڕی وڵاتانی دیکەی جیهانیش بەردەست دەکرێت، هەر بۆیە گومان لەوەدا نییە کە نرخی تێچووی گۆڕینی پارچەکانی مۆبایلە چەماوەییە زۆر زیاتر دەکەن.

ئەگەر تاوەکو ئێستا مۆبایلێکی چەماوەییت نەکڕیوە، تکایە پێش ئەوەی بیکڕیت، ڕەچاوی تێچووە گرانەکەی بکە، چونکە مۆبایلە چەماوەییەکان زۆر هەستیارن بۆ شکاندن و زۆر بە ئاسانی شوختیان تێ دەچێت.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ