مۆبایل و تابلێت 20, كانونی یه‌كه‌م 2019

مۆتۆرۆلا ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی چەماوەیی Motorola Razr ـی بە هۆی زۆری خواستەوە دواخست

مۆبایلی چەماوەیی Motorola Razr یەکێک بوو لەو مۆبایلە چەماوەییە ناوازانەی کە لە ساڵی 2019 ـەدا ڕاگەیاندرا، بەڵام وا دیارە لە هەمان ساڵدا بەردەست ناکرێت و بەردەستکردنی دەکەوێتە ساڵی داهاتووەوە.

کۆمپانیای مۆتۆرۆلا ڕێکەوتی بەردەستکردن و کردنەوەی داواکاری پێشەوەختەی مۆبایلی چەماوەیی Motorola Razr ـی بۆ کاتێکی نادیار دواخست. هۆکاری ئەنجامدانی ئەمە لە لایەن مۆتۆرۆلاوە، دەگەڕێتەوە بۆ خواستێکی ئێجگار زۆر لەسەر مۆبایلە چەماوەییەکە کە کۆمپانیاکە پێشبینی ئەو خواستە بەرزەی نەکردبوو. وا بڕیار بوو لە ڕێکەوتی 26 ـی ئەم مانگەدا داواکاری پێشوەختە بۆ مۆبایلە چەماوەییەکە بکرایەتەوە و لە ساتێکی مانگی یەکی ساڵی نوێدا بەردەست بکرایە.

تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێک لە لایەن مۆتۆرۆلاوە بوونی نییە سەبارەت بە ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی چەماوەیی Motorola Razr، بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت زۆر درێژە ناکێشێت و لە ئایندەیەکی زۆر نزیدا بەردەست دەکرێت بۆ فرۆشتن.

پێدەچێت دواخستنی ڕێکەوتی بەردەستی مۆبایلە چەماوەییەکە، بۆ خۆ بە دوورگرتنی مۆتۆرۆلا بێت لە لێشاوی بەکارهێنەران لە کاتی بەردەستنی مۆبایلە چەماوەییەکەدا یاخود نەگەیشتن بە خواستی فرۆشی چاوەڕوان کراو.

مۆبایلی چەماوەیی Motorola Razr خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.2 ئینج و توانای چەمانەوەی هەیە. پڕۆسێسەری Snapdragon 710 ـی لەسەر جێگیرە و بە سیستەمی Android کار دەکات. نرخی 1,499$ دەبێت و بۆ یەکەمجار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەست دەکرێت.

هەروەها خوێنەربە:

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ