مایکرۆسۆفت
13, كانونی دووهم 2020
سبەی پشتگیری کردن بۆ Windows 7 بە شێوەیەکی فەرمی لەسەر سەرجەم ئامێرەکان کۆتایی پێدێت

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەری Slash Gear، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت سبەی، سێ شەممە، 14ی کانوونی دووەمی 2020، هەموو پشتگیریەک بۆ Windows 7 دەوەستێنێت.
ئەمەش واتای وایە لە سبەیەوە بە ملیۆنان ئامێر کە Windows 7 ـیان لەسەربێت لە تەواوی جیهان کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بە فەرمی پشتگری کردن و نوێبوونەوە و چاککردنی کێشەی ئاسایش بۆ سیستەمەکە دەوەستێنێت، کەواتە ئەگەر لە داهاتوودا ویندۆزەکەت تووشی هەر کێشەیەکی هونەری بێت، مایکڕۆسۆفت هیچ چارەسەرێک پێشکەش ناکات.
شایەنی باسە، هێشتا دەتوانیت ویندۆز 7 لەسەر کۆمپیوتەرەکەت بەکاربهێنیت و هیچ کێشەیەک لەوەدا نییە، بەڵام دەبێت ئەوەت لە یاد بێت، کە وەکو پێشتر ئاماژەی پێکرا، لە ئەگەری هەر کێشەیەک لە داهاتوودا، ئەوا مایکڕۆسۆفت هیچ نوێکردنەوە و چاکسازییەک ڕەوانە ناکات بۆ ویندۆز 7.
ئێمە ئامۆژگاری بەکارهێنەرانی Windows 7 دەکەین وێندۆزەکەیان بگۆڕن بۆ Windows 10 و دوورکەونەوە لە بەکارهێنانی Windows 7 لە دوای وەستانی هەموو پشتگیریەک بۆی، چونکە هاکەران ئەم وەستانە بە هەل وەردەگرن و دەکرێت ببێتە ئامانجی سەرەکی هێرشەکانیان لە داهاتوودا و بەمەش لەوانەیە تۆ ببیتە قوربانی ئەو هاکەرانە.
شایەنی باسە Windows 7 یەکێک بوو لەو ویندۆزانەی لەڕووی ئاسایشەوە (Security)ـیەوە زۆر بەهێزبووە و هەمیشە بە یەکێک لە وەشانە سەرکەوتووەکان هەژمار کراوە و لە ئێستاشدا ژمارەیەکی زۆر بەکارهێنەری هەیە، بەڵام هەموو شتێک کۆتایی هەیە و کۆتایی ئەویش وا لە سبەیەوە دەست پێدەکات.
ئێستاش خۆت سەرپشکیت لە بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی ویندۆز 7 یان گۆڕینی بۆ ویندۆزێکی بەرزتر.