شاومی 2, كانونی دووه‌م 2020

شاومی ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی ڕوونما چەماوەیی Xiaomi Mi Mix Alpha ـی دواخست

لە کۆتاییەکانی مانگی 9 ـی ساڵی ڕابردوودا، کۆمپانیای شاومی لە بۆنەیەکی تایبەتدا مۆبایلی ڕوونما چەماوەیی Xiaomi Mi Mix Alpha ـی بە شێوەی نموونە نمایشکرد. دەبووایە لە مانگی ڕابردوودا بە نرخی 2,800$ بەردەست بکرایە، بەڵام شاومی ڕێکەوتی بەردەستکردنەکەی دواخست.

بە پێی پێگەی باوەڕپێکراوی Android Authority بێت، کۆمپانیای شاومی ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی ڕوونما چەماوەیی Xiaomi Mi Mix Alpha ـی بۆ کاتێکی نادیار دواخست، هەروەها کۆمپانیا چینییەکە هیچ هۆکارێکی بۆ ئەمە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێدەچێت دواخستنەکە بۆ باشترکردنی جۆرایەتی ڕوونماکەی بێت.

لە مانگی ڕابردوودا، وێنەیەکی ڕێکلامی مۆبایلەکە لە یەکێک لە کۆگا سەرهێڵییەکانی کۆمپانیای شاومیدا بە دیارکەوت، بەبێ ئەوەی ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلەکەی لەسەر بووبێت.

لە میانەی نمایشکردنی مۆبایلە چەماوەییەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای شاومی ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی سنووردار و کەم لە مۆبایلی Xiaomi Mi Mix Alpha بەرهەم دەهێنن و بەردەستی دەکەن. ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە، نرخی ئەم مۆبایلە ناوازەیەی شاومی، 2,800$ دەبێت (ئەگەر گۆڕانی بەسەردا ڕوو نەدات).

مۆبایلی Xiaomi Mi Mix Alpha خاوەن ڕوونمای جۆری Surround Screen ـە کە بە ڕێژەی 180% ـی لاشەی مۆبایلەکەی گرتۆتەوە. ڕوونماکەی بە شێوەیەک کار دەکات، کە دەتوانیت لە کاتی بەکارهێنانی ئەپێک، مۆبایلەکە هەڵبگێڕیتەوە بۆ پشتەوە و چەند ئەپێکی دیکەی جیاواز بەکاربهێنیت. هەروەها خاوەن 3 دانە کامێرایە و ڕوونی کامێرا سەرەکییەکەی 108 مێگاپێکسڵە بە بەکارهێنانی هەستەوەری کۆمپانیای سامسۆنگ.

بێگومان، لە داهاتوودا ئاگادارتان دەکەینەوە لە کاتی ئاشکرا کردنی ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلەکەدا.

سەرچاوە Android Authority
بۆچونی تۆ