گووگڵ
4, تشرینی یەکەم 2023
مۆبایلی گووگڵ پێکسڵ 8 پرۆ هەستەوەری گەرمی پێوی تێدا جێگیر کراوە

گووگڵ لەگەڵ نمایش کردنی زنجیرە مۆبایلی گووگڵ پێکسڵ 8 چەند گۆڕانکارییەکی گرنگی ڕاگەیاند، لەوانە 7 ساڵ پشتگیری کردنیان، هەروەها هەستەوەری گەرمی پێو تەنها بۆ جۆری پرۆ.

گووگڵ پێکسڵ 8 پرۆ هەستەوەری گەرمی پێوی هەیە و ڕاستەوخۆ لە خوارەوەی فلاشی مۆبایلەکە جێگیر کراوە. دەتوانێت گەرمی ڕووی هەر تەنێک بپێوێت.

هەستەوەرەکە ئەپێکیشی بۆ تەرخان کراوە بە ناوی Thermometer کە تێیدا ئەو تەنەی کە دەتەوێت گەرمی بپێویت دیاری دەکەیت، وەک خواردن و مادەی ئەندامی، خواردنەوەکان و ئاو، ئاسن، سیرامیک و شووشە، کانزای مات، کانزای بریقەدار، پلاستیک و لاستیک، قوماش، دار، و دیوار و پەنجەرە.

پاشان بە شێوەیەکی ئاسایی لە دووری 5 سانتیمەتر لە تەنەکەوە باشترین ئەنجام پێشکەش دەکات. ئەپەکە ئاگادار کردنەوەت پێدەدات ئەگەر شتەکە گەرم بوو، بۆ مامەڵەیەکی درووست لەگەڵی، وەک لە کاتی چێشت لێناندا. وە ڕەنگە تەنە بچووکەکان پێویستیان بە ئەوە بێت لە زیاتر نزیکەوە گەرمیان بپێویت بۆ ئەنجامێکی وردتر. گووگڵ تایبەتمەندی گەرمی پێوی پێکسڵ 8 پرۆی پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) کردووە بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی بۆ بکات و وردی هەستەورەکە بۆ پێوانی گەرمی جەستەی مرۆڤ دیاری بکات و پاشان گووگڵ ئەو توانایە زیاد دەکات بۆ ئەپەکە کاتێک پەسەند دەکرێت.

میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.