سامسۆنگ 6, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Samsung لاپتۆپی Samsung Galaxy Chromebook ـی بە تایبەتمەندی زۆر بەرزەوە نمایشکرد

وا دیارە کۆمپانیای Samsung وەکو هەموو ساڵەکانی دیکە، بۆ ئەمساڵیش بە درەوشاوەیی لە پێشانگای CES 2020 ـدا خۆی دەردەخات. کۆمپانیا کۆرییەکە لە میانەی پێشانگەی CES 2020 ـدا، لاپتۆپی Samsung Galaxy Chromebook ـی بە تایبەتمەندی زۆر بەرز و نرخی زۆرەوە نمایشکرد.

لاپتۆپی Samsung Galaxy Chromebook یەکێکە لە ناوازەترین و ئاست بەرزترین لاپتۆپەکان کە بە سیستەمی Chrome OS کار بکات تاوەکو ئێستا. لاپتۆپەکە خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 13.3 ئینج لە جۆری 4K AMOLED و بە وردی نیشاندانی 3840 بە 2160 پێکسڵ و چێوەی 16:9، هەروەها یەکەمین بەرهەمی کۆمپانیاکەیە کە پشتگیری لە تەکنەلۆژیای HDR400 بکات. ڕوونماکەی توانای هەیە تاوەکو 360 پلە بسووڕێت.

لاپتۆپی Samsung Galaxy Chromebook پڕۆسێسەری نەوەی دەیەمی Intel Core i5 ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 8 گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکیش بە قەبارەی 128 گێگابایت لە جۆری SSD، دەتوانیت بە پارەی زیاتر ڕامی 16 گێگابایت و بیرگەی 1 تێرابایت بەدەست بهێنیت. هەروەها، خاوەن کارتی گرافیکی Intel UHD ـە. لاپتۆپەکە پشتگیری لە تەکنەلۆژیای نوێی Wi-Fi 6 دەکات، کە تەنها چەند ڕۆژێکی کەمە ڕاگەیاندراوە.

لاپتۆپەکە 9.9 میلیمەتر ئەستوورە و کێشی تەنها 1 کیلۆگرامە. خاوەن 2 دانە دەرچەی USB-C و دەرچەیەکی microSD ـە، قەڵەمی زیرەکی S Pen ـیشی لەگەڵدایە. لە سەروو تەختەکلیلی لاپتۆپەکەدا، هەستەوەری پەنجەمۆر بوونی هەیە و قەبارەی تراکپادەکەی تەنها 10 میلیمەترە، هەروەها لە ڕووی پێشەوەی ڕوونماکەشیدا خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 8 مێگاپێکسڵ.

کۆمپانیای Samsung دەڵێت بە هۆی پاترییە 49.2 کیلۆ وات/کاتژمێرییەکەوە، بەرگەی تاوەکو 8 کاتژمێر لە بەکارهێنانی بەردەوام دەگرێت.

لە ڕووی دیزاینەوە، هەندێک لێکچووی هەیە لەگەڵ لاپتۆپی Pixelbook ـی کۆمپانیای Google ـدا، لە خوارەوە خاوەن 2 ڕاگری چەماوەیی ئەلەمنیۆمییە بۆ جوڵاندنی ڕوونماکەی. ڕەنگەکەی زۆر نایابانە دیزاین کراوە، بە شێوەیەک کە لە هەندێک دۆخدا ڕەنگی پڕتەقاڵی تۆخ و کاڵ دەنوێنێت.

کۆمپانیای Samsung نەیشاردۆتەوە کە هاوبەشێتی هەبووە لەگەڵ Google ـدا بۆ درووستکردنی ئەم لاپتۆپە، ئەویش لە ڕێگەی زیادکردنی تایبەتمەندییەکی نوێوە بۆ لاپتۆپەکە بە ناوی Ambient EQ، تایبەتمەندییەکە وا لە ڕوونمای لاپتۆپەکە دەکات کە خودکارانە کۆنتڕۆڵی ڕەنگەکان بکات بە پێی ڕووناکییە دەرەکییەکان. Google هەمان تایبەتمەندی لە ئامێرە ڕوونما زیرەکەکانی Nest Hub ـی خۆیدا بەکارهێنابوو.

بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، نرخەکەیەتی، بە شێوەیەک کە نرخی لە 999$ ـەوە دەست پێدەکات، کە ئەمەش نرخێکی زۆرە بۆ لاپتۆپێکی Chromebook. لاپتۆپەکە لە ساتەوەختێکی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێت بۆ فرۆشتن.

سەرچاوە The VergeCNET
بۆچونی تۆ