ئامێرە هەمەجۆرەکان 9, كانونی دووه‌م 2020

هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی دەستبەندی زیرەکی نوێی Xiaomi Mi Band 5 دزەیان پێکرا

دەستبەندی زیرەکی Mi Band 4 ـی کۆمپانیای شاومی چینی، یەکێک بوو لە پڕفرۆشترین دەستبەندە زیرەکەکانی ساڵی ڕابردوو لە سەرانسەر بازاڕەکانی جیهاندا، سوپاس بۆ تایبەتمەندییە بەرزەکانی و نرخە کەمەکەی. هەر لەبەر ئەمەیە کە کۆمپانیا چینییەکە دەیەوێت درێژە بە ڕاگەیاندنی نەوەی نوێ بدات لە دەستبەندە زیرەکەکە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی GSMArena بێت، ژمارەیەک تایبەتمەندی دەستبەندی زیرەکی نوێی Xiaomi Mi Band 5 بڵاوبوونەتەوە کە ئاشکرای دەکەن دەستبەندە زیرەکە نوێیەکە خاوەن ڕوونمایەکی گەورەتر دەبێت بە قەبارەی 1.2 ئینج. هەروەها لە هەمووشی گرنگتر، پشتگیری لە تایبەتمەندی NFC بۆ خوێندنەوەی ئامێر و کارتە تایبەتەکان دەکات.

تایبەتمەندی نوێی NFC ڕێگە دەدات بەکارهێنەرانی دەستبەندە زیرەکە نوێیەکە لە ڕێگەی خزمەتگوزاری Google Pay ـەوە ئاڵوگۆڕی پارە ئەنجام بدەن، ئەپی Mi Pay ـی شاومیش تاکە شوێن دەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم کردارە.

دەنگۆ هەیە کە نرخی دەستبەندە زیرەکە نوێیەکەی شاومی 25$ دەبێت لە ناوخۆی وڵاتی چیندا، وەکو هەمیشە. بەڵام پێویستە پێشبینی گۆڕانی نرخەکە بکەین لە بازاڕەکانی دیکەی جیهاندا. پێشبینی دەکرێت لە مانگی 6 ـی ئەمساڵدا، دەستبەندی زیرەکی Xiaomi Mi Band 5 ڕابگەیەندرێت.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ