ئاسایشی ئەلیکترۆنی 14, ئازار 2024

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە لەوانەیە ببێتە قەدەغەکردنی تیک تۆک

لە دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو پرۆژە یاسایەک پێشکەش کرا بۆ قەدەغە کردنی تیک تۆک بە ناوی یاسای پاراستنی ئەمریکییەکان لە ئەپلیکەیشنە کۆنترۆڵ کراوە بیانییەکان، دوێنێ پرۆژە یاساکە بە فەرمی لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتەوە پەسەند کرا بە کۆی 352 دەنگ بۆ پەسەندن کردنی پرۆژە یاساکە و تەنها 65 دەنگ بۆ جێبەجێ نەکردنی پرۆژە یاساکە. ئەم پرۆژە یاسایە ماوەی تەنها 6 مانگ مۆڵەت بە کۆمپانیای Byte Dance (کۆمپانیایەکی چینییە و خاوەندارێتی لە تیک تۆک دەکات) دەبەخشێت بۆ فرۆشتنی تیک تۆک، یاخوود تیک تۆک ڕووبەڕووی قەدەغەکردن دەبێتەوە لە ئەمریکا. ئەم پرۆژە یاسایەش دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و خۆپیشاندانی خاوەن کارەکان و بەکارهێنەرانی تیک تۆکی لە ئەمریکا لێکەوتەوە.

جۆ بایدن ڕایگەیاندووە ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتە پرۆژە یاساکە پەسەند بکەن، ئەوا واژۆ لەسەر پرۆژە یاساکە دەکات و دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بەڵام لە ئێستادا پرۆژە یاساکە تەنها لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتەوە پەسەند کراوە و ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتە چەندین ئاستەنگی نوێ درووست دەکات و بڕیاری داوە بە پرۆژە یاساکەدا بچێتەوە. بۆیە تاوەکو ئێستا دیار نییە چارەنووسی تیک تۆک بەرەو کوێ دەچێت، بەڵام لە ئەگەری پەسەند کردنی پرۆژە یاساکە لە لایەن ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەکە و واژۆی جۆ بایدن بۆ جێبەجێ کردنی، ئەوا کۆمپانیای Byte Dance تەنها 6 مانگی هەیە بۆ فرۆشتنی تیک تۆک یاخوود ڕووبەڕووی قەدەغەکردن دەبێتەوە لە ئەمریکا.

سەرچاوە BBC The Verge
تاگەکان TikTok تیک تۆک
بۆچونی تۆ