سامسۆنگ 19, كانونی دووه‌م 2020

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra دزەیان پێکرا

بە هۆی نزیکبوونەوە لە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلە نوێیەکانی زنجیرەی Galaxy S، پڕوپاگەندە و دزەپێکراوەکان لە هەموو کات زیاتر ڕوو لە زیادبوون دەکەن. لە دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک ڕێندەر و وێنەی زیندوو و تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 دزەیان پێکرا، خۆشحاڵانە، ئێستا گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکان لەبەر دەستتدان.

پێگەی My Smart Price لیستێکی تەواوەتی دزەپێکراوی تایبەتمەندییەکانی هەر سێ مۆبایلی نوێی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra ـی بەدەست گەیشتووە و تێیدا گرنگترین تایبەتمەندییەکانی هەر سێ مۆبایلە ناوبراوەکە ئاشکرا بوون. ئەمە گرنگترین دزەپێکراوە کە تاوەکو ئێستا دەربارەی مۆبایلە نوێیەکانی زنجیرەی S ـی Galaxy بڵاو کرابێتنەوە.

ئەمانە تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکان دەبن، بە پێی لیستەکە بێت:

Galaxy S20:

خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.2 ئینج لە جۆری Infinity-O Dynamic AMOLED و بە وردی نیشاندانی 1440 بە 3200 پێکسڵ و خێرایی نوێبوونەوەی 120 هێرتز دەبێت. لە پێشەوە خاوەن کامێرایەک دەبێت بە ڕوونی 10 مێگاپێکسڵ و پشتگیری تۆمارکردنی ڤیدیۆ تاوەکو 4K دەکات. لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێرا دەبێت بە ڕوونییەکانی 12 و 64 و 12 مێگاپێکسڵ و پشتگیری تۆمارکردنی ڤیدیۆ تاوەکو ڕوونی 8K دەکات.

پڕۆسێسەری Exynos 990 ـی 7 نانۆمەتری لەسەر جێگیر دەکرێت و خاوەن بیرگەی 128 گێگابایت دەبێت کە دەتوانرێت لە ڕێگەی دەرچەی microSD ـەوە زیاد بکرێت، فراوانی ڕام ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پڕوپاگەندەکانی پێشوو دەیانگوت سەرجەم جۆرەکانی Galaxy S20 خاوەن ڕامی 12 گێگابایت دەبن.

خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 4,000 ملی ئەمپێر و ڕووکاری One UI 2.0 ـی بنچینەکراوی Android 10 ـی لەسەر جێگیر دەبێت. پشتگیری دەنگی Dolby Atmos دەکات لە ڕێگەی بڵندگۆیەکانی AKG. خاوەن بڕوانامەی IP68 دەبێت بۆ بەرگەگری بەرانبەر ئاو و تۆز. کێشی 164 گرام دەبێت و ئەستووریشی 7.9 میلیمەتر دەبێت.


+Galaxy S20:

زۆرینەی تایبەتمەندییەکانی هاوشێوەی Galaxy S20 دەبێت، تەنها ئەوانە نەبێت کە لە پشتەوە خاوەن کامێرایەکی زیاتری ToF 3D دەبێت و ڕوونماکەی قەبارەی 6.7 ئینج دەبێت، هەروەها خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 4,500 ملی ئەمپێر و کێشی 188 گرام دەبێت و ئەستووریشی 7.8 میلیمەتر دەبێت.


Galaxy S20 Ultra:

ئەمە گەورەترینە. خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.9 ئینج، تایبەتمەندییەکانی دیکەی ڕوونماکەی هاوشێوەی دووانەکەی سەرەوە دەبێت.

خاوەن بیرگەیەکی ناوەکی دەبێت بە قەبارەی 512 گێگابایت و پاترییەک بە توانستی 5,000 ملی ئەمپێر. ڕوونی کامێراکەی پێشەوەی 40 مێگاپێکسڵ دەبێت.

لە پشتەوە، خاوەن 4 دانە کامێرا دەبێت بە ڕوونییەکانی 108 و 48 و 12 و دانەیەک لە جۆری ToF 3D. توانای نزیککردنەوەیان بۆ 100 هێندە دەبێت.

کێشی مۆبایلەکە 221 گرام دەبێت و ئەستووریشی 8.8 میلیمەتر دەبێت. لە تایبەتمەندییەکانی دیکەدا، هاوشێوەی دووانەکەی دیکە دەبێت.


ئەم نەوە نوێیەی زنجیرەی Galaxy S خاوەن جۆرێکی تایبەتی پشتگیر لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G نابێت، چونکە هەر سێ جۆرەکە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن.

تاوەکو ئێستا نرخەکانیان دزەی پێ نەکراون، بەڵام لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ئەویشمان دەست دەکەوێت. وا بڕیارە لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە ڕێکەوتی 11 ـی مانگی داهاتوودا نمایش بکرێن.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ