مۆبایل و تابلێت 11, كانونی دووه‌م 2020

هواوەی: 100,000 یەکە لە مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X لە هەر مانگێکدا دەفرۆشین

نزیکەی 3 مانگ دەبێت کە مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X خرایە بازاڕەکانی وڵاتی چینەوە، هێشتا کۆمپانیا چینییەکە ڕاینەگەیاندووە کە چەند دانەیان بە دیاریکراوی لە مۆبایلە چەماوەییەکە لەو ماوەیەدا فرۆشتووە، بەڵام بۆ یەکەمجار هواوەی ئامارێکی ناڕوونی فرۆشی مۆبایلە چەماوەییەکەی ئاشکرا کرد.

بە پێی پێگەی Android Central بێت، کۆمپانیای هواوەی چینی ڕایگەیاندووە کە لە هەر مانگێکدا، 100,000 ملیۆن یەکەیان لە مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X لە هەر مانگێکدا فرۆشتووە لەو کاتەوەی کە لە مانگی 11 ـی ساڵی ڕابردوو لە بازاڕەکانی وڵاتی چیندا بەردەست کرا، هەروەها پێشبینی دەکەن ئەو ژمارە فرۆشە بەردەوامی هەبێت.

کۆمپانیا چینییەکە ئاشکرای نەکرد کە بە دیاریکراوی چەند یەکەیان لە مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X فرۆشتووە، وا دیارە بە شەرمی زانیوە ڕایبگەیەنێت بە هۆی فرۆشە کەمەکەیەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای سامسۆنگ لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا ڕایگەیاند 400,000 بۆ 500,000 ـیان لە مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold فرۆشتووە لەو کاتەوەی کە بەردەست کراوە، تەنانەت سامسۆنگیش بە دیاریکراوی فرۆشەکەی ئاشکرا نەکرد.

ساڵی ڕابردوو کۆمپانیای هواوەی و سامسۆنگ بە تەنها لە نێو مەیدانی مۆبایلە چەماوەییەکاندا کێبڕکێی یەکتریان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ وا نامێنێتەوە و بێگومانین لەوەی کە مۆبایلی چەماوەیی زیاتر لە لایەن کۆمپانیاکانی دیکەوە بەردەست دەکرێت.

نرخی مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X بڕی 2,400$ ـە و لە ئێستادا تەنها لە بازاڕەکانی چیندا دەفرۆشرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ