ئاسایشی ئەلیکترۆنی 1, نیسان 2020

کەلێنێک دەبێتە هۆی دزەپێکردنی زانیاری بەکارهێنەرانی ئەپی Zoom

ئەپی Zoom ـی تایبەت بە ئەنجامدانی پەیوەندییە ڤیدیۆی و کۆبوونەوە ئەلیکترۆنییەکان، لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا ناوبانگێکی باشی پەیداکرد و ژمارەیەکی زۆر بەکارهێنەری لە خۆی کۆکردەوە، بەڵام ئاسایشی ئەو ئەپە بە شێوەیەکی زۆر پارێزراو نییە تاوەکو شایەنی ئەوە بێت بە تەواوی پشتی پێ ببەسترێت.

بێگەی Vice دەڵێت کەلێنێکی ئاسایشی ئەپی Zoom دەبێتە هۆی دزەپێکردنی زانیارییەکانی بەکارهێنەرانی ئەپەکە. ئەگەر گەڕان بۆ کەسێک ئەنجام بدەیت لە ئەپەکەدا، ئەوا لە ئەنجامدا وێنەی هەژمار و ئیمەیڵەکەی دەبینیت. ئەمە ئاساییە بۆ ئەپێک کە زۆرینەی بەکارهێنەرانی کارمەندن لە کۆمپانیاکاندا، بەڵام ئەپەکە زانیارییەکانی ژمارەیەک بەکارهێنەر دەکاتە کۆمەڵە و دەیانکات بە یەک ئیمەیڵ لە دۆمەینێکدا لە کاتی داخڵ بووندا، لەم کاتەدا ئەگەر گەڕان بۆ یەکێک لە توشبووان بەو کێشەیە ئەنجام بدەیت، لە ئەنجامدا وێنە و ئیمەیڵی بەکارهێنەرانی دیکە دەبینیت و ئەمەش لە ڕاستیدا ڕێگەپێدراو نییە لە ئەپەکەدا.

ڕوون نییە کە تاوەکو ئێستا ئەپەکە زانیاری بەکارهێنەرانی لە چەند دۆمەیندا کۆکردووەتەوە، بەڵام پێگەی Vice دەڵێت ئەپەکە زانیاری 995 بەکارهێنەری لە دۆمەینێکدا بە ناوی Company Directory کۆمەڵە کردووە.

هەروەها ئەپەکە لە لایەن شارەزایانی ئاسایشییە ئەلیکترۆنییەکان و یاسادانەران و تەنانەت دەزگای FBI ـی ئەمریکیشەوە هۆشداری دراوەتێ کە ڕێکخستنە بنەڕەتییەکانی پارێزراو نین. ئەپڵیش پار ساڵ بە بێدەنگی لە هەوڵدابوو تاوەکو ئەپی Zoom لە خزمەتگوزارییەکانی ئامێرەکانی Mac بە هۆی کێشەی ئاسایشییەوە بسڕێتەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ