10
سامسۆنگ 29, كانونی دووه‌م 2020

تەواوی دیزاین و تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی چەماوەیی Samsung Galaxy Z Flip دزەیان پێکرا

بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە مۆبایلی چەماوەیی نوێی Samsung Galaxy Z Flip زۆرترین دەنگۆی لەسەرە. خۆشحاڵانە، بۆ یەکەمجار دیزاین و گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلە چەماوەییە نوێیەکەی سامسۆنگ دزەیان پێکرا.

پێگەی بەناوبانگی WinFuture ـی تایبەت بە دزەپێکراوەکان، ژمارەیەک وێنە و تایبەتمەندی مۆبایلی چەماوەیی Samsung Galaxy Z Flip ـی بڵاوکردۆتەوە. هەر وەکو پێشووتر باسی لێ دەکرا، زانیارییە دزەپێکراوەکە دەڵێت مۆبایلە چەماوەییەکە خاوەن ڕوونمایەکی چەماوەیی دەبێت بە قەبارەی 6.7 ئینج لە جۆری OLED و بە ڕوونی +FHD. بە پێچەوانەی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold ـەوە، ئەم مۆبایلە چەماوەییە خاوەن شووشەی جۆری Ultra Thin Glass دەبێت بۆ ڕوونماکەی، لە جیاتی پلاستیک.

لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە لە پشتەوە خاوەن 2 دانە کامێرا دەبێت بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ و لە پێشەوەش خاوەن چاڵی ژێر ڕوونما دەبێت و کامێرایەکی 10 مێگاپێکسڵی لەسەر جێگیر دەکرێت. لە پشتەوەش خاوەن ڕوونمایەکی دیکەی OLED دەبێت بە قەبارەی 1.06 ئینج، کە کاتژمێر و ئاگادارکەرەوەکان و هەندێک شتی دیکە نیشان دەدات.

سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی ناوەوەی، زانیارییە دزەپێکراوەکە دەڵێت پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 855 Plus ـی لەسەر جێگیر دەکرێت و خاوەن ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 256 گێگابایت دەبێت. هەروەها خاوەن دەرچەکانی USB-C و microSD و بیستۆک دەبێت.

هەرچی دەربارەی ڕایەڵەی مۆبایلە چەماوەییەکە، تەنها پشتگیری لە LTE دەکات و پشتگیری لە 5G ناکات، کە ئەمەش مایەی خۆشحاڵی نییە.

تاوەکو ئێستا نرخ و ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلە چەماوەییەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام پێگەی XDA-Developer لە پێشوودا ڕایگەیاندبوو کە نرخی 1,400$ دەبێت و لە ڕێکەوتی 14 ـی مانگی داهاتوودا بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ