مۆبایل و تابلێت 1, شوبات 2020

پەرلەمانی ئەوروپا پڕۆژە یاسای بەکارهێنانی یەک جۆر کەیبڵی بۆ مۆبایلە زیرەکەکان پەسەند کرد

یاسادانەرانی یەکێتی ئەوروپا دەنگیان لەسەر پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە بەکارهێنانی یەک جۆر کەیبڵ دا بۆ مۆبایلە زیرەکان لە لایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانەوە.

لە دانیشتنێکدا، پەڕلەمانی ئەوروپا دەنگیان لەسەر یاسای ژمارە 582-40 دا کە تایبەت بوو بە بەکارهێنانی یەک جۆر کەیبڵ لە لایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانەوە بۆ مۆبایلەکان. بە کۆی 582 دەنگی ڕەزامەند، پڕۆژە یاساکە پەسەند کرا و کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕاسپێردرا تاوەکو کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە بکات تاوەکو مانگی 7 ـی ئەمساڵ.

هۆکاری دانانی یاسایەکی لەم جۆرە لە لایەن پەڕلەمانی ئەوروپاوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەیانەوێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی یەک جۆر کەیبڵەوە، پیسکردنی ژینگە لە ڕێگەی کەیبڵەکانەوە کەمتر بکەنەوە و بەکارهێنەر پێویست نەکات لە کاتی کڕینی مۆبایلێکی نوێدا، کەیبڵێکی جیاواز بۆ مۆبایلەکەی بکڕێت و کەیبڵە کۆنەکەی فڕێ بدات، بەمەش تێچوویەکی زیاتر بۆ بەکارهێنەر دەگەڕێتەوە.

هەر لە دانیشتنەکەدا، پەڕلەمانی ئەوروپا داوای لە کۆمسیۆن کرد تاوەکو بیر لە بەکارهێنانی بارگاویکەرەوەی بێوایەر بکەنەوە و بزانن کە چۆن سوودی دەبێت لە ڕووی بەفیڕۆدانی کاڵا تەکنەلۆژییەکانەوە. هەروەها داوا کرا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەکی باشتر لە لایەن ئەوروپاوە بۆ کۆکردنەوە و بەکارهێنانەوەی کەیبڵ و بارگاویکەرەوەکان.

پەڕلەمانی ئەوروپا ئاماژەی بەوە نەکرد کە کام جۆرە کەیبڵ دیاری دەکەن تاوەکو هەموو کۆمپانیاکان بۆ مۆبایلەکانیانی بەکاربهێنن، هەر بۆیە کەیبڵی جۆرەکانی USB-C ،micro-USB یاخود Lightning ـی ئەپڵ وەکو گریمانە بۆ ئەم حاڵەتە دیاری دەکرێن.

لە هەمووان زیاتر، کۆمپانیای ئەپڵ بە هۆی ئەم پڕۆژە یاسایەوە زیانی بەر دەکەوێت، چونکە بەکارهێنەری سەرەکی کەیبڵی جۆری Lightning ـە و وەکو دەرچە بۆ زۆرینەی مۆبایل و تابلێتەکانی بەکاری دەهێنێت. لە پێشوودا ئەپڵ ڕەخنەی سەبارەت بەم پڕۆژە یاسایەی پەڕلەمانی ئەوروپا گرتبوو و ڕایگەیاندبوو کە بەم هۆیەوە تێوویەکی زۆر زیاتر لەسەر بەکارهێنەران دەکەوێت وەک لەوەی یارمەتی کەمکردنەوەی تێچوو بکات.

هەر بە هۆی ئەم یاسایەوە، ئەپڵ ناچار دەبێت لەمەودوا دەەچەی جۆری USB-C بۆ مۆبایلە نوێیەکانی بەکاربهێنێت و بە یەکجاری دەستبەرداری جۆری Lightning ببێت.

یەکێتی ئەوروپا بۆ زیاتر لە دەیەیەکە دەیەوێت زۆری لە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بکات تاوەکو یەک جۆر کەیبڵ بۆ مۆبایلەکان بەکاربهێنن، بە ئامانجی کەمکردنەوەی تێچوو لەسەر بەکارهێنەر و کەمکردنەوەی مەترسی پیسبوونی ژینگە.

سەرچاوە EngadgetVice
بۆچونی تۆ