ئای ئۆ ئێس 21, شوبات 2020

مایکرۆسۆفت دژە ڤایرۆسێکی نوێ بۆ سیستەمەکانی iOS و Android بەردەست دەکات

مایکرۆسۆفت لە پلانیدایە ئەپی دژە ڤایرۆسی Defender ـی سیستەمی Windows بۆ سیستەمەکانی iOS و Android ـیش بەردەست بکات.

ئەپەکە بە تایبەت دیزاین دەکرێت بۆ پارێزگاریکردن و سڕینەوەی ڤایرۆسەکان لە مۆبایلە کارکردووەکان بە سیستەمە ناوبراوەکاندا، هەروەها مایکرۆسۆفت دەڵێت ئەپەکە خاوەن ئەزموونی تەواوەتی هێڵی فرمان (Command line) دەبێت. مایکرۆسۆفت بە تەواوەتی ئەو کردارانەی ئاشکرا نەکردووە کە ئەپەکە لە توانایدا دەبێت ئەنجامیانی بدات، بەڵام لە پلانیدایە بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەپەکە لە کۆنگرەی RSA ـی هەفتەی داهاتوو ئاشکرا بکات.

ڕاگەیاندنی ئەپی دژە ڤایرۆسی Defender بۆ مۆبایلەکان، لە دوای ساڵێک لە ڕاگەیاندنی ئەپە ناوبراوەکە دێت بۆ سیستەمی macOS، کە ڕێگەی بە بەکارهێنەرانی سیستەمی macOS دەدا تاوەکو پشکنینی تەواو بۆ هەبوونی ڤایرۆسەکان بکەن و بیانسڕنەوە.

ئەپی Defender بە تەواوی جیاواز دەبێت بۆ مۆبایلەکان بە بەراورد بۆ دیسکتۆپەکان، چونکە ئەپڵ ڕێگە بە ئەپەکان نادات پشکنین بۆ ڤایرۆسەکان بکەن لەسەر ئایفۆن و ئایپادەکان، بەڵام لە ئەندرۆید دۆخەکە ئاساییە و گووگڵ دەرگای بۆ ئەنجامدانی ئەمە کردۆتەوە.

دەگوترێت یەکێک لە ئامانجە گەورەکانی Defender لە iOS، ئەوەیە کە ڕێگری لە درووستکەرانی ئەپەکان بکات بۆ دزینی ناوی بەکارهێنەر، تێپەڕەوشە و زانیارییەکانی دیکەی بەکارهێنەران. بەڵام ئاخۆ مایکرۆسۆفت چۆن ئەمە ئەنجام دەدات؟ ئەوە تا ئێستا ڕوون نییە.

ئەپی Defender بۆ مۆبایلەکان بەشێک دەبێت لە پڕۆژەی ئاسایشی مایکرۆسۆفت و وا بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بۆ هەر دوو سیستەمی کارپێکەری iOS و Android بەردەست بکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ