فەیسبووک 27, شوبات 2020

کۆمپانیای فەیسبووک کۆنگرەی گەشەپێدانی F8 ـی بۆ ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشاندەوە

لە پەڕەی گەشەپێدانی فەرمی خۆیدا، کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند کە بۆ ئەمساڵ کۆنگرەی گەشەپێدانی F8 ـی تایبەت بە خۆی ئەنجام نادات بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

وا بڕیار بوو لە ڕێکەوتی 5 تاوەکو 6 ـی مانگی 5 ـی ئەمساڵدا، کۆمپانیای فەیسبووک کۆنگرەی گەشەپێدانی F8 تایبەت بە ڕاگەیاندنی نوێکاری و بەرهەمە نوێیەکانی ئەنجام بدایە، بەڵام هەر وەک کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، بۆ ئەمساڵ ئەو کۆنگرەیە ئەنجام نادرێت. بەڵام ئەمە بە مانای ڕانەگەیاندنی نوێکاری و بەرهەمە نوێیەکان ناگەیەنێت لە لایەن فەیسبووکەوە بۆ ئەمساڵ، بەڵکو لە جیاتی ئەنجامدانی کۆنگرەکە، فەیسبووک نوێکاری و بەرهەمە نوێیەکانی خۆی بە شێوەی سەرهێڵی و لە ڕێگەی بۆنەی نێوخۆی و ڤیدیۆ و پەخشی ڕاستەوخۆوە ڕادەگەیەنێت.

لە بڵاوکراوەکەدا، فەیسبووک ڕایگەیاندووە کە مەبەست لە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکە لە ئەمساڵدا، بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاراستنی گیانی سەرجەم کارمەند و ئامادەبووان بووە لە توشبوون بە ڤایرۆسەکە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ژمارەیەک بژاردەی دیکە هەبوون ڕێگەیان بە ئەنجامدانی کۆنگرەکە دەدا، بەڵام کۆمپانیاکە هەستی بەوە دەکرد کە شتێکی باش نابێت ئەگەر کۆنگرەکە لە ئەمساڵدا بە بێ بەژداربوونی گەشەپێدەرانی سەرجەم وڵاتان بەڕێوەبچێت.

کۆنگرەی گەشەپێدانی F8، یەکەم کۆنگرەی تەکنەلۆژی نییە کە بە هۆی ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە کۆرۆنا لە ئەمساڵدا ئەمجام نادرێت، لە ماوەی ڕابردوودا کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress 2020)، کە گەورەترین پێشانگەی نمایشکردنی مۆبایلەکانە، ڕاگەیاندرا کە بۆ ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسەکەوە بەڕێوەناچێت.

ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2,800 ـی کوشتووە و ژمارەی توشبووانیش 82,000 ـی تێپەڕکردووە لە سەرانسەری جیهاندا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ