ئامێرە هەمەجۆرەکان 18, ئازار 2020

ئەپڵ iPad Pro ـی نوێی بە پڕۆسێسەری A12Z و 2 کامێرا لە پشتەوە و تەختەکلیلی زیرەکی بە هەبوونی Trackpad ـەوە ڕاگەیاند

لە دوای ڕاگەیاندنی جۆرێکی نوێ لە لاپتۆپی MacBook Air، ئەپڵ iPad Pro ـی نوێشی بە پڕۆسێسەری A12Z و 2 کامێرا لە پشتەوە تەختەکلیلی زیرەکی Magic Keyboard ـی بە هەبوونی Trackpad و نرخی دەستپێکی 799$ ـەوە ڕاگەیاند.

iPad Pro نوێیەکان بە 2 قەبارەی 11 ئینجی و 12.9 ئینجییەوە ڕاگەیاندران. لە پشتەوە خاوەن 2 دانە کامێران لە جۆرەکانی Wide و Ultra Wide بە ڕوونییەکانی 12 و 10 مێگاپێکسڵ. وە هەستەوەرێکی دیکە لە پشتەوەیان بوونی هەیە بە ناوی LiDAR بە پشتگیری لە ڕاستی خەیاڵی، ئەپڵ دەڵێت ئەم هەستەوەرە تایبەتە بە پێوانەکردنی بنەماکان بۆ دووری تاوەکو 5 مەتر.

تەختەکلیلێکی نوێی زیرەک لەگەڵ iPad Pro نوێیەکان ڕاگەیاندرا بە ناوی Magic Keyboard، کە جۆرێکی باشترە لە چاو جۆری پەپولەییەوە، وە لەگەڵ ئەوەشدا تەختەکلیلەکە خاوەن جوڵێنەری Trackpad ـی هاوشێوەی لاپتۆپەکان و دەرچەی USB-C ـە. بە داخەوە، ئەم تەختەکلیلە نوێیە لەگەڵ ئایپادە نوێیەکان بوونیان نابن، بەڵکو دەبێت بە جیا و بە نرخی 299$ بۆ جۆری 11 ئینجی و 399$ بۆ 12.9 ئینجی بیکڕیت.

iPad Pro نوێیەکان خاوەن پڕۆسێسەری A12Z Bionic ـن بە هەبوونی 8 ناوکی گرافیکەوە، کە ئەپڵ بە شانازییەوە دەڵێت ئەمە ئایپادەکان لە هەندێک لە لاپتۆپەکانی Windows خێراتر دەکات. خاوەن بژاردەی بیرگەی 128 و 256 و 512 گێگابایت و 1 تێرابایتە. هەرچی سەبارەت بە پاترییەکانیانە، بەرگەی 10 کاتژمێر لە بەکارهێنانی بەردەوام دەگرن و پشتگیری لە ڕایەڵەی LTE دەکەن.

نرخی iPad Pro ـی 11 ئینجی لە 799$ دەست پێدەکات و 12.9 ئینجییەکەی بۆ بیرگەی 128 گێگابایت و جۆری Wi-Fi لە 949$ ـەوە دەست پێدەکات. لە ئێستاوە بەردەستن بۆ کڕین بە شێوەی داواکاری پێشوەختە و لە ڕێکەوتی 25 ـی ئەم مانگە ڕەوانەی کڕیارە پێشوەختەکان دەکرێن و بەردەست دەکرێن بۆ هەمووان.

سەرچاوە The Verge9To5Mac
بۆچونی تۆ