سامسۆنگ 11, شوبات 2020

هەموو ئەو شتانەی دەربارەی مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra و Z Flip دەیانزانین

لە دوای چەند مانگێک لە بڵاوبوونەوەی زانیاری و وێنە دزەپێکراوەکان، لە کۆتایدا ئەمشەو سامسۆنگ مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra و Z Flip لە بۆنەیەکی تایبەتدا نمایش دەکات.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر دزەپێکراوێکدا، لەگەڵتان بووین و هاوبەشیمان پێکرد لەگەڵتاندا. لەم بابەتەدا، سەرجەمیانتان بۆ کۆ دەکەینەوە.

چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلەکانی Galaxy S20 و +S20 بە جۆری 4G و 5G ـییەوە بەردەست ببن و جیاوازی نرخەکانیان 100€ ببن، بەڵام ڕەنگە هەردوو جۆرەکە لە سەرجەم بازاڕەکانی جیهاندا بەردەست نەبن. لە لایەکی دیکەوە، S20 Ultra بە تەنها جۆری 5G ـی لێ بەردەست دەکرێت.

مۆبایلی Samsung Galaxy S20 خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.2 ئینج بە خێرایی 120 هێرتز و ڕوونی 1080 پێکسڵەوە، لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێرا دەبێت و لە پێشەوەش خاوەن کامێرایەک دەبێت لەسەر چاڵی ژێر ڕوونماکەی. ڕوونی کامێرا سەرەکییەکەی 64 مێگاپێکسڵ دەبێت و ڕوونی کامێراکانی دیکەی 12 مێگاپێکسڵ دەبن. ڕوونی کامێراکەی پێشەوەی 10 مێگاپێکسڵ دەبێت.

مۆبایلی +Samsung Galaxy S20 خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.7 ئینج بە هەمان خێرایی S20. لە پشتەوە خاوەن 4 دانە کامێرا دەبێت. کامێراکانی هەمان ڕوونی کامێراکانی Galaxy S20 دەبن، بەڵام تەنها کامێرایەکی جۆری ToF زیاد کراوە. بۆ پێشەوەش هەمان شتە و خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 10 مێگاپێکسڵ.

هەرچی سەبارەت بە مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra ـە، گەورەترینیانە و خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.9 ئینج لە جۆری Infinity-O AMOLED و بە ڕوونی +FHD و چێوەی 20:9، خێراییەکەی 120 هێرتز دەبێت و تاکە مۆبایلیشە لە نێویاندا خاوەن چوارچێوەی جۆری ستیلی بێ خەوش ببێت. لە پشتەوە خاوەن 4 یان 5 کامێرا دەبێت و ڕوونی کامێرا سەرەکییەکەی 108 مێگاپێکسڵ دەبێت. پێشبینی دەکرێت خاوەن ڕامی 16 گێگابایت و بیرگەی 512 گێگابایت ببێت.

سەرجەم مۆبایلەکان خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 865 و Exynos 990 (بە پێی جیاوازی وڵاتان) و ڕامی تاوەکو 16 گێگابایت دەبن. بیستۆکی بێوایەری +Samsung Galaxy Buds لەگەڵ مۆبایلەکانی +Samsung Galaxy S20 و S20 Ultra بوونی دەبێت بە خۆڕایی.

هەرچی دەربارەی مۆبایلی چەماوەیی Samsung Galaxy Z Flip ـە، خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 855 Plus دەبێت و لە پشتەوە خاوەن 2 کامێرا دەبێت بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ و خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 3,300 ملی ئەمپێر بە توانای بارگاویکردنەوەی 15 وات. بۆ یەکەمجار ڕوونماکەی خاوەن شووشەی جۆری Ultra Thin Glass دەبێت. ئەمە ڕێکلامێکی فەرمی مۆبایلەکەیە کە دوێنێ سامسۆنگ بڵاوی کردەوە:

نرخەکان

ناو ئەوروپا بەریتانیا ئەمریکا
Samsung Galaxy S20 €900 (8/128 گێگابایت) £800 $1,000
Samsung Galaxy S20 5G €1,000 (12/128 گێگابایت) £875
+Samsung Galaxy S20 €1,000 (8/128 گێگابایت) £1,000 $1,200
Samsung Galaxy S20+ 5G €1,100 (12/128 گێگابایت) £1,075
Samsung Galaxy S20 Ultra 5G €1,350 (12/128 گێگابایت) £1,145 $1,400
Samsung Galaxy Z Flip €1,400 £1,300 $1,400

وا بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 10:00 بە کاتی هەولێر سامسۆنگ مۆبایلە نوێیەکان نمایش بکات، کەی ئای تی ئێنیش لە پەڕەی فەرمی فەیسبووکی خۆی کۆنگرەکەتان بۆ ڕووماڵ دەکات، چاوەڕوان بن!

بۆچونی تۆ