10
ئای ئۆ ئێس 28, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

ئەپڵ وەشانەکانی iOS 13.2 و iPadOS 13.2 ـی بە تایبەتمەندی Deep Fusion و دەیان ئیمۆجی نوێوە بەردەستکرد

کەمێک بەر لە ئێستا، ئەپڵ وەشانەکانی iOS 13.2 و iPadOS 13.2 ـی بە تایبەتمەندی Deep Fusion و دەیان ئیمۆجی نوێوە بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەستکرد.

قەبارەی وەشانی نوێی iOS 13.2 نزیکەی 600 مێگابایتە. لە وەشانە نوێیەکەدا، تایبەتمەندی Deep Fusion بۆ کامێرای iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max زیادکراوە کە ناوەڕۆکێکی باشتر دەدات بە وێنەکان لە دۆخە ڕووناکییە مامناوەندەکاندا.

هەروەها، لە وەشانە نوێیەکاندا زیاتر لە 230 ئیمۆجی نوێ زیادکراون کە لە هاوینی ئەمساڵدا ئەپڵ ئاشکرای کردن. گرنگترین ئیمۆجییە نوێیەکان بریتین لە ڕۆڵگێڕی خەواڵوو، ئاماژەکەری بیستن، ئاماژەکەری کەمئەندامی و کوێری، ژمارەیەک ئاژەڵ و خواردن و کەرەستەی لاوەکی. هەروەها ژمارەیەک ئیمۆجی تایبەت بە ڕەگەزی نێر و مێ بە ژمارەیەکی زۆر ڕەنگی پێستەوە زیادکراون.

وەشانی نوێی iOS 13.2 پشتگیری لە تایبەتمەندی Announce Messages with Siri بۆ خوێندنەوەی نامەکان لە لایەن Siri ـیەوە لە کاتی پەیوەستکردنی مۆبایل بە AirPods Pro ـدا دەکات. هەروەها خاوەن بژاردەیەکی نوێی تایبەتمەندێتی Siri ـییە کە دەتوانیت لە ڕێگەیەوە ڕێگری لە هاوبەشیپێکردنی دەنگەکانت لە لایەن Siri ـییەوە بکەیت، بۆ ئەم مەبەستەش پەنجەرەیەکی تایبەت لە دوای نوێکردنەوەی وەشانەکەوە بەدی دەکەیت.

کۆتا تایبەتمەندی وەشانە نوێیەکە، پشتگیری لە بیستۆکی بێوایەری AirPods Pro دەکات کە چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا ڕاگەیاندرا.


چۆنیەتی نوێکردنەوەی وەشان لە iOS:

  • کردنەوەی ئەپی Settings
  • کردنەوەی بەشی General
  • کردنەوەی بەشی Software Update
  • کرتە کردن لە Download and install

تێبینی بۆ نوێکردنەوەی وەشان:

  • پێویستە وزەی پاتری ئامێرەکەت لە 50% زیاتر بێت.
  • پێویستت بە ئینتەرنێتی وایفای هەیە بۆ نوێکردنەوەی وەشان.
بۆچونی تۆ