ئینتەرنێت 21, ئازار 2020

تۆڕەکانی YouTube و Netflix بۆ ماوەیەکی کاتی جۆرایەتی ڤیدیۆ لە ئەوروپا کەم دەکەنەوە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تۆڕی Netflix ـی تایبەت بە پەخشکردنی فیلم و زنجیرە جیهانییەکان ڕایگەیاند کە بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارکردنی زانیارییەکان و کەم کردنەوەی چڕی لەسەر هاتوچۆی ڕایەڵەی ئەوروپادا، جۆرایەتی ڤیدیۆ بۆ 480 پێکسڵ و نزمتر لە HD کەم دەکەنەوە. بەمەش چڕی هاتوچۆی ڕایەڵەی ئەوروپا بۆ 25% و زیاتر کەم دەبێتەوە.

لە پاڵ ئەم هەنگاوەی Netflix، تۆڕی YouTube ـی سەر بە گووگڵیش ڕایگەیاند کە جۆرایەتی ڤیدیۆکانی تۆڕەکەیان بۆ 480 پێکسڵ بۆ بەکارهێنەرانی کیشوەری ئەوروپا بۆ ماوەیەکی کاتی کەم دەکەنەوە.

ئەم بڕیارە لە دوای داواکاری بەڕێز Thierry Breton ـی وەزیری پیشەسازییەکانی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بوو، کە داوای لە خزمەتگوزارییە پەخشکەرەکان کرد تاوەکو یارمەتی یەکێتییەکە بدەن لە کەم کردنەوەی ئەو چڕییە زۆرەی لەسەر هاتوچۆی ڕایەڵەی ئەوروپا هەیە بە هۆی زۆر بەکارهێنانی ئینتەرنێت.

جێگەی باسە تۆڕی Netflix لە ساڵی 2011 ـەوە ئامرازێکی تایبەت بەکاردەهێنێت کە بە پێی خێرایی تۆڕی ئینتەرنێت جۆرایەتی ڤیدیۆ بۆ بەکارهێنەران دیاری دەکات و ناتوانرێت ئەم تایبەتمەندییە بکوژێندرێتەوە.

ئەم بریارەی هەردوو تۆڕەکە بۆ ماوەیەکی کاتییە، بەڵام ماوەی کۆتایی هاتنی بڕیارەکەی Netflix دەزاندرێت و بۆ ماوەی 30 ڕۆژ بەردەوامی دەبێت و لە ڕێکەوتی 19 ـی مانگی داهاتوودا کۆتایی پێدێت.

لە ئێستادا ئەم بڕیارەی هەردوو تۆڕەکە لە کاردایە، بەمەش بەکارهێنەرانی وڵاتەکانی ئەوروپا ناتوانن ڤیدیۆ لە تۆڕە ناوبراوەکاندا بە جۆرایەتی HD و 4K بینەری ڤیدیۆکان ببن.

بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هاتوچۆ لە زۆرینەی شارەکانی وڵاتانی ئەوروپا قەدەغە کراوە و پێویستە هاوڵاتیان لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، بەمەش ئینتەرنێت دەبێتە کەرەستەی ژمارە یەکی بەکارهێندراو و کار لەسەر زیادکردنی چری هاتوچۆی ڕایەڵە دەکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ