ئای ئۆ ئێس 10, نیسان 2020

دەنگۆ: وەشانی iOS 14 ڕێگە دەدات ئەپەکان تاقی بکەیتەوە بێ ئەوەی دایانبگریت

بە پێی پێگەی 9to5Mac بێت، ئەپڵ لە وەشانی iOS 14 ـەدا ڕێگە دەدات ئەپەکان تاقی بکرێنەوە بێ ئەوەی پێویست بکات دابگیردرێن.

پێگەکە دەڵێت ئەپڵ لە وەشانی iOS 14 ـەدا API ـێکی نوێ تایبەت بە گەشەپێدەران بەردەست دەکات بە ناوی “Clips”، کە ڕێگە دەدات ئەپەکانیان تاقی بکرێنەوە بە بێ ئەوەی دابگیردرێن. تایبەتمەندییەکە بە شێوەیەک کار دەکات کە ئەگەر کامێرا بخرێتە سەر کۆدی QR ـی تایبەت بە ئەپێک بە مەبەستی داگرتنی، لە جیاتی ئەوەی پەڕەی داگرتنی ئەپەکە بکاتەوە لە App Store، دەتوانیت ڕاستەوخۆ ئەپەکە لە شێوەی کارتێک بەکاربهێنیت و داینەگریت. دەگوترێت کارتەکە بژاردەی ئەوەت پێدەدات تاوەکو ئەپەکە بە تەواوی دابگریتە ئامێرەکەت.

بە پێی ئەو کۆدانە بێت کە 9to5Mac تایبەتمەندییەکەی پێ دۆزیوەتەوە، ئەپڵ لە سەرەتادا تایبەتمەندییە ناوبراوەکە لە ئەپەکانی OpenTable و Yelp و DoorDash و PS4 Second Screen و YouTube ـدا تاقی دەکاتەوە.

ئەم تایبەتمەندییە نزیکە لە تایبەتمەندی Slices ـی Android ـەوە، کە بۆ چەند ساڵێکە لە سیستەمە ناوبراوەکەدا بوونی هەیە. بەڵام تایبەتمەندی Slices لە ڕێگەی یاریدەدەری دەنگی Google Assistant ـیشەوە کار دەکات و وەشانێکی بچووکی ئەپەکەت نیشان دەدات تاوەکو تاقی بکەیتەوە بە بێ ئەوەی دایبگریت. ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەپڵ تایبەتمەندییەکە لەگەڵ گەڕانی Spotlight و یاریدەدەری دەنگی Siri و بەشەکانی دیکەی iOS ـدا لێکدەدات یاخود نا.

پێشتر دەنگۆ هەبوو کە گوایە ئەپڵ لە وەشانی iOS 14 ـدا تایبەتمەندی iCloud Keychain و پەڕەی هۆم نوێ دەکاتەوە و ئەپێکی تایبەت بە وەرزشکردن بەردەست دەکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ