ژیری دەستکرد AI
14, ئاب 2023
چاتبۆتەکانی زیرەکی دەستکرد و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا

لەم چەند ساڵەی دواییدا زیرەکی دەستکرد Artificial Intelligence یەکێک بووە لەو دەستەواژانەی کە زۆرترین دووبارەبوونەوەی هەبووە لە ڕاپۆرت و وتار و بابەتەکانی پەیوەست بە بوارە تەکنەلۆژییەکاندا. لە ئێستادا یەکێك لەو داهێنانانەی کە بەتەواوی پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەسێت چاتبۆتەکانن.
کەواتە چاتبۆتەکان چین؟
کۆمەڵە نەرمەواڵەیەکن کە ئامادەکراون بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێکی بەکارهێنەر ڕاستەوخۆ و بێ دواکەوتن بە پشتبەستن بە زیرەکی دەستکرد، بەم جۆرە میکانیزمە دەگوترێت (زیرەکی دەستکردی بەرهەمدار – Generative AI)، کە توانای کۆکردنەوە و یەکخستنی زانیارییەکانی هەیە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە بەشێوەیەکی خۆکار. ڕکابەریی چاتبۆتەکان لە ئێستادا گەشتووەتە لوتکە کە لە لایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری نەرمەواڵەوە پەرەیانپێدراوە، وەک (چات جی پی تی، گووگڵ بارد، مایکرۆسۆفت نیو بینگ، سناپچات مای ئەی ئای… هتد)
مەبەست لە دروستکردنی ئەم چاتبۆتانە لە بنەڕەتدا ئاسانکاریی دەستخستنی زانیارییەکانە و ئەمەش بەپێی وتەی پەرەپێدەر و دروستکەرەکانیان و ئاوا بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵام بواری کارکردنیان زۆر لەوە فراوانترە، بەشێوەیەک بۆ قسەکردن لەگەڵ ئەم چاتبۆتانە پێویست ناکات هەمیشە پرسیارێکی زانستی بکەیت یاخود پەرۆشی بەدەستهێنانی زانیاری بیت، بەڵکو گفتوگۆی ئاسایی و ڕۆژانەشیان لەگەڵدا دەکرێت و چاتبۆتەکە وەک هاوڕێیەکی نزیک و دانا مامەڵەت لەگەڵدا دەکات.
مەترسییەکان لێرەوە دەستپێدەکەن، چونکە ڕوونە لە ڕۆژگاری ئێستادا هەتا دێت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاڵتر دەبنەوە و تەکنەلۆژیا بێ هەست و نابەرجەستەکان هەلی زیاتریان هەیە بۆ نزیکبوونەوە لە مرۆڤەکان، بە هەمان ئەندازە کاریگەریی زیاتر دادەنێن لەسەرمان.
مەترسییەکە لەوەدایە کە زۆرجار وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکان بەو جۆرە نین کە لەگەڵ پرەنسیپە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایەکی ئیسلامی و ڕۆژهەلاتیدا بگونجێن، بەڵکو بەو جۆرەیە کە دەسەڵاتە ڕۆژئاواییەکان دەیخوازن!
ڕەنگە چاتبۆتەکان نەتوانن کاریگەر لەسەر بیر و بڕوای دامەزراوی کەسانێکی پێگەشتوو دروست بکەن، بەڵام بێگومان بە ئاسانی کاریگەری لەسەر منداڵان و هەرزەکاران دروست دەکەن کە هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتای بنیادنانی چۆنێتی بیرکردنەوەیاندان.
لات سەیر نەبێت کە کەسێکی پێنەگەیشتوو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە ئاڵۆزەکانی ناو مێشکی و بۆ دەرباز بوون لە بارودۆخە سەختەکانی ژیانی پشت بە ئامۆژگارییەکانی چاتبۆتەکێک ببەستێت کە بەردەوام گفتوگۆی لەگەڵدا دەکات.
لە چاتبۆتەکانم پرسی دەربارەی گۆڕینی ڕەگەز یاخود خودناساندنی (identification) مرۆڤ بە ئاژەڵ یاخود هەر گیانلەبەر و تەنانەت هەر شتێکی دیکەی جگە لە مرۆڤ و ناچارکردنی دەوروبەرەکەی بە باوەڕهێنان بەو گۆڕانکارییە (کە لە ئێستادا پرسێکی بەربڵاوە و ناکۆکییەکی گەورەیە لە نێوان بیری ڕۆژئاوایی و ئیسلامیدا)، زۆربەیان بە ڕوونی پشتگیرییان لە بیرۆکەکان کرد، هەرچەندە جیاوازی هەیە لە نێوان وەڵامەکانی چاتبۆتەکاندا، بەڵام ئەگەر وەڵامێکی ڕوونیشت نەدەنەوە ئەوا بیری بەکارهێنەر ئازاد دەکەن لەوەی کە ئاخۆ چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پرسانەدا دەکەن، بەڵام لە دیوێکی دیکەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دیسان وەڵامەکانیاندا هەست بە بوونی پشتگیری لە بیرە ڕۆژئاواییەکان دەکرێت.
چاکی چاتبۆتەکان دەگاتە ئەوپەڕی ئەگەر بە شێوەیەکی سنووردار سوودیان لێ وەربگیرێت، بەڵام کاتێک ڕۆڵی هاوڕێ و کەسە نزیکەکانیان پێ سپێردرا ئەوە بێگومان دەرئەنجامێکی باشی نابێت.
سعد عبدالقادر
خوێندکاری قۆناغی سێیەمم لە کۆلێژی شیکاری نەخۆشییەکان و تەکنەلۆژیا خولیایەکە کە زیاتر لە 10 ساڵە شوێنی کەوتووم. ئەزموونی زیاد لە حەوت ساڵم لە نوسینی بابەتە و وتارە تەکنەلۆژییەکاندا هەیە.